هەرچەند باس لە ناوازەیی ئاست و ئەنجامەکانی رافائێل نادال بکەین کەمە، ئەم ئەفسانەیە لە کاروانی وەرزشی خۆی لە بواری تێنس بووەتە هاندەر بۆ یاریزانەکانی دیکە و ماڵئاوایشی چیرۆکێکی خەمناک و ناخۆشە بۆ هاندەران و یاریزانانی بواری تێنس.
نادال بە کەلەرەقیەکەی ناسرابوو لە نێو یاریگە، لەسەرخۆ بوو بەڵام مکووڕ بوو لەسەر بردنەوە و رکابەرەکانی تووشی ئاستەنگی دەکرد، بەوە ناسراوە کە زۆرترین جار رووبەڕووی رکابەرەکانی وەک رۆجەر فێدرەر و نۆڤاک جۆکۆڤیچ بووەتەوە.
لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ نادال بە فەرمی لە رێگەی پلاتفۆرمەکانی خۆیەوە رایگەیاند کە بەتەواوی ماڵئاوایی لە جیهانی تێنس دەکات و دوایین بەشدارییکردنیشی لە جامی دەیڤز دەبێت کەلەوێش لایەن هاندەرانەوە ماڵئاوایی لێکرا.
نادالی پاشای یاریگەی لمییەکان یاخود پاشای رۆلاند گارۆس، لە چەندین شاری جیاوازەوە پۆستەری ماڵئاوایی بۆ هەڵواسرا، وەک سوپاسێک کە ئەو یاریزانە خزمەتی یاریی تێنسی کردووە.
لە کاروانی وەرزشی خۆی نادال خاوەنی 22 ناسناوی گراند سلامە کە بەتەنیا 14 ناسناوی رۆلاند گارۆس، دوو ناسناوی کراوەی ئوستراڵیا، دوو کراوەی ویمبڵدۆن، چوار کراوەی ئەمریکا ، 36 ناسناوی ماستەرزی هەزار خاڵی، دوو مەدالیای ئاڵتوونی ئۆڵۆمپیاد و هەروەها چوار جامی دەیڤز، بەکۆی گشتی 92 ناسناوی بەدەستهێناوە لە کاروانی وەرزشی خۆی...