عێراق پرۆژەی خانووی دۆستی ژینگە رادەگەیەنێت

test
نموونەیەکی خانووی دۆستی ژینگە لە ئەڵمانیا. وێنە: AP

کەناڵ8- سلێمانی

عێراق بە دروستکردنی "ئەنجوومەنی باڵەخانەی سەوز" بە نیازە پەرە بەو جۆرانەی بیناسازی بدات کە دۆستی ژینگەن و بەفیڕۆدانی ئاو وزە کەمدەکەنەوە و کەمتر دەبنەهۆی گەرمکردنی ژینگە.

پێنجشەممە 21ی نۆڤەمبەر جاسم فەللاحی، بریکاری هونەریی وەزارەتی ژینگەی عێراق و سەرۆکی شاندی عێراق لە لووتکەی COP29، دوای ئاماژەکردن بە گرنگیی دروستکردنی ئەنجوومەنی بالەخانەی سەوز، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوتووە "وەزارەتەکەمان ئامادەیە پشتیوانیی ئەنجوومەنی باڵەخانەی سەوزی عێراقی بکات" و دەستخۆشیکردووە لە "هەوڵەکانی کەرتی تایبەت لە رووکردنە بنیاتنانی باڵەخانەی دۆستی ژینگە".

بەرپرسە عێراقییەکە وتووشیەتی "ئەوەی لە پەراوێزی لووتکەی COP29 بەدەستمانهێناوە، پابەندیی عێراق دەردەخات بە بەرجەستەکردنی ئامانجەکانی ستراتیجیەتی گەشەی ژینگەدۆستانە و پلانی گەشەپێدانی نیشتمانی".

جاسم فەللاحی لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی گوتووە "باڵەخانەی دۆستی ژینگە ئاراستەیەکی جیهانییە بۆ خزمەتکردن بە ژینگە، لەڕێگەی نەخشەکێشان بۆ باڵەخانەی ئەوتۆ کە ئاو و وزە بەفیڕۆ نەدات". فەللاحی دەڵێت بەپێی ئامارەکان تەنیا رووناککردنەوەی ناوماڵ 15٪ی کارەبای ماڵی پێویستە، هەرچی رێکخستنی ساردی و گەرمیی ناو ماڵ و گەرمکردنی ئاوە، ئەوە 60-75٪ی کارەبای ماڵی پێویستە.

بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق وتووشیەتی باڵەخانەی کلاسیکی  بەفیڕۆدانی زۆری سامانە سروشتییەکانی تێدایە و گەرمیدانەوەش زیاددەکات، ئەوەش بەهۆی بەکارهێنانی ماددە و تەکنیکی بێ کواڵیتی، بۆیە باڵەخانەی کلاسیکی هەمیشە تێچووی زۆری بەکارربردن و چاککردنەوەی تێدەکەوێت.

لە جیهاندا گرنگییەکی تایبەت بە باڵەخانەی دۆستی ژینگە دەدرێت، بۆ نموونە زۆرترین سود لە رووناکیی رۆژ وەربگیرێت و کەمترین پێویستی هەبێت بە داگیرساندنی رووناکیی کارەبایی لە رۆژدا، هەروەها دیواری دابڕی ساردی و گەرمی  کە وادەکات کەمتر پێویستبکات کەرەستەکانی ساردکردن و گەرمکردن بەکاربهێنرێن و چەندین تەکنیکی دیکە کە لە رێگەی کەم بەکارهێنانی وزەوە یارمەتیی خاوێنیی ژینگە دەدەن.