کۆمپانیای فۆرد رایگەیاند، تاوەکو ساڵی 2027 لە وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا هێزی کاری کۆمپانیاکەی کەمدەکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەنیازە چوار هەزار کرێکار لە کارەکانیان دووربخاتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکى کۆمپانیاکە، لەو ژمارەیە زۆرترین کرێکار بەر وڵاتی ئەڵمانیا دەکەوێت کە بە راوێژ لەگەڵ نوێنەری کرێکاران دووردەخرێنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، پیشەسازیی ئۆتۆمبێل بە بڕبڕەی پشتی ئابووریی ئەڵمانیا دادەنرێت و چەندین کۆمپانیای دیکەی وەکو ڤۆڵکس واگن، مێرسیدس و بی ئێم دەبلیو رووبەڕووی قەیران بوونەتەوە، ئەوەش لە ئەنجامی کەمیی رێژەی فرۆشتن بەهۆی گەشەسەندنی بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەباییەوە.
بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی زۆرترین زیانی بە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل گەیاندووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا دێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن و بنەبڕکردنی رێژەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان بۆ سفر پلە.
هەوڵەکان لەپێناو رووبەڕووبونەوەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە، ئەوەش بەو واتایە دێت دەبێت تاوەکو ساڵی 2035 ژمارەی ئۆتۆمبێلی بزوێنەر کەمبکرێتەوە بۆ کەمترین ئاست.
کۆمپانیای فۆرد لەجیهاندا 174 هەزار کارمەندی هەیە، لەو ژمارەیەش 28 هەزار کرێکاری لە وڵاتانی ئەوروپادایە.