ئوسترالیا دەیەوێت مێردمنداڵان لە بەکارهێنانی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان دووربخاتەوە. وەزارەتی پەیوەندییەکانی وڵاتەکە پرۆژەیاسایەکی پێشکەشى پەرلەمان کردووە، کە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەلایەن منداڵانی خوار تەمەنی 16 ساڵ قەدەغە دەکات.
پرۆژەیاساکە، کۆمپانیاکانی سۆشیالمیدیا ناچار دەکات هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار 16 ساڵەوەیە، نەتوانن تۆڕەکانى ئێکس، تیکتۆک، فەیسبوک و ئینستاگرام بەکاربهێنن، بەڵام رێگە بە بەکارهێنانى یوتیوب دەدات.
میشێل رۆلاند، وەزیری پەیوەدنییەکانی ئوسترالیا، رایگەیاندووە: "ئەم پرۆژە بڕیارە بەرپرسیاریەتی دەخاتە سەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، نەک دایکان و باوکان و گەنجان. ئەوەش لەپێناوی ئەوەی تۆڕەکان هەنگاوی پێویست هەڵگرن بۆ دڵنیاکردنەوەی داواکارییە سەرەکییەکانی پاراستنی منداڵان. ئامانجەکە پاراستنیانە نەک سزادان و پەراوێزخستنیان، دەشمانەوێت دایکان و باوکان بزانن رۆڵیان چی دەبێت لەپشتیوانی تەندروستی و خۆشبەختی منداڵەکانیاندا. "
هەرچەندە هەر هەشت ویلایەتەکەی ئوسترالیا پاڵپشتی پرۆژەیاساکە دەکەن، بەڵام نەیاریشى هەیە، لەو چوارچێوەیەدا زیاتر لە 140 پسپۆڕى تەکنەلۆجیا نامەیەکیان بۆ ئەنتۆنی ئەلبانیز سەرۆکوەزیران ناردووە و ئاماژەیان بەوەکردووە، کە دانانی یاسایەکی لەوجۆرە کاریگەری لەسەر پاراستنی منداڵان نابێت.
کۆمپانیاکانی سۆشیالمیدیا ئەگەر نەتوانن منداڵان لە پلاتفۆرمەکانیان دوور بخەنەوە، رووبەرووى سزا دەبنەوە کە دەگاتە زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلار. ئەگەر پرۆژەیاساکە پەسەند بکرێت، ئەوا کۆمپانیاکان ماوەى یەک ساڵیان لەبەردەم دەبێت بۆ ئەوەی بزانن چۆن قەدەغەکردنەکە جێبەجێ دەکەن.