ئەمڕۆ قۆناغى سێیەمى سەرژمێرى لە 15 پارێزگای عێراق دەستپێدەکات

test
کارمەندێکی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە شاری سلێمانی، فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

ئەمڕۆ شەممە 23ـی تشرینی دووەم، قۆناغى سێیەمى سەرژمێرى لە 15 پارێزگای عێراق دەستپێدەکات و تاوەکو 10ـى مانگى داهاتوو بەردەوامدەبێت، لەکاتێکدا پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان لانیکەم بۆ ماوەی پێنج رۆژ دوادەکەوێت، بەهۆی ئەوەی جارێکی دیکە راهێنان بە بژمێرەکان دەکرێتەوە.

مەحمود عوسمان، سەرۆکى دەستەى جێبەجێکارى سەرژمێریى گشتى لە هەرێمى کوردستان بەکەناڵ8ـى راگەیاند، لە قۆناغی سێیەمی سەرژمێریدا، تایبەتمەندییە کەسى و خێزانییەکان تۆماردەکرێن، هەر خێزانێک 70 پرسیاری لە بارەى ئاستى خوێندن، تەندروستى، کارکردن لێدەکرێت و بەگوێرەى تەمەن پرسیارەکان جیاوازن.

گوتیشى، پرسیارەکان تایبەت و گشتین، دەکرێت لە کەسێکى بەرپرسى خێزانەکە وەربگیرێت، هەروەها لەنێو ئەو پرسیارانەدا ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانى دیکە لە خێزانەکان دەپرسن.

ئاماژەى بەوەشکرد، رەزامەندیى وەزیرى پلاندانانیان وەرگرتووە و ئەمڕۆ پشوو بە بژمێرەکان دەدەن و لە سبەیەوە خولەکانى راهێنانیان بۆ قۆناغى سێیەم دەستپێدەکەن.

دڵزار حەمەساڵح، بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر بە کەناڵ8ـی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی دووبارە بژمێرەکان دەچنەوە خولی راهێنان، قۆناغی سێیەمی سەرژمێری لانیکەم پێنج رۆژ لە هەرێمی کوردستان دوادەکەوێت، بەڵام پێویستە لە 10ـی مانگی داهاتوو کۆتایی بە پرۆسەکە بێت.

بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر گوتی، "ئەگەر پرۆسەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو نەکرا، هەرێمی کوردستان دەتوانێت داوای درێژکردنەوەی وادەکە بکات".

سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لەعێراق و هەرێمى کوردستان بە سێ قۆناغ ئەنجامدەدرێت، قۆناغى یەکەم گەمارۆسازی و ژمارە لێدان بوو، قۆناغى دووەم تۆمارکردن و جێگیرکردنى ژمارەى دانیشتووان بوو، قۆناغى سێیەمیش تۆمارکردنى تایبەتمەندییە کەسى و خێزانییەکانە.

loading....