وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهانی عەرەبی دەکات، هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچەکە رابگیرێت، دەشڵێت "ئێمە هەمیشە هۆکارێکین بۆ ئاشتی و سەقامگیری".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق نامەیەکی هاوشێوەى ئاڕاستەی هەریەک لە ئەنجوومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کرد، نامەکەی عێراق تایبەتە بەو هەڕەشانەی ئیسرائیل دەیانکات، وەکو لە ناوەڕۆکەکەیدا هاتووە.
لە نامەکەدا هاتووە، عێراق ئامڕازی سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە و نێودەوڵەتی، هەمیشە پابەندبووە بە پەیماننامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەشڵێت، ئیسرائیل بەو نامەیەی داویەتییە ئەنجوومەنی ئاسایش، دەریدەخات ئەو هەڵسوکەوتانەی بەشێکن لە سیاسەتێکی پەیڕەوکراوی خۆی تاوەکو بەهانە بهێنێتەوە بەمەبەستی فراوانکردنی بازنەی ململانێ لە ناوچەکە.
لە نامەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، عێراق بۆیە پەنای بردووەتە بەر ئەنجوومەنی ئاسایش، باوەڕیوایە ئەو دامەزراوەیە رۆڵی هەیە لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا.
لە نامەکەدا ئەوەش هاتووە، عێراق سوور بووە لەسەر دانبەخۆداگرتن بەرامبەر بەکارهێنانی کایە ئاسمانییەکەی بۆ بە ئامانجگرتنی هاوسێکانی.
لە کۆتایی نامەکەیدا عێراق داوا دەکات، هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ راوەستاندنی هێرش و هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
رۆژی 19ـى ئەم مانگە گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، "نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، تیایدا داوای هەڵوێستی بەپەلەی ئەنجوومەنەکەی کردووە بۆ راگرتنی چالاکیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، کە ساعر بە گرووپی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوی بردوون."