لە خولی ئیتاڵیا دوو یانەی گەورە رووبەڕوودەبنەوە، میلان لە یاریگەی سان سیرۆ میوانداریی یوڤێنتۆس دەکات.
ئەیسی میلان لەدوایین یاریی چامپیۆنزلیگ بەسەر ریال مەدریدی ئیسپانیدا سەرکەت، بەڵام لە ئیتاڵیا بارودۆخەکە بەوجۆرە نییە و هەشت خاڵ لە دوای ناپۆلی پێشەنگی خولەکەیە،تەنانەت ئەگەر ئەمشەو لە یانەی خانمە پیرەکەش بباتەوە، هێشتا ژمارەکانیان هاوتای وەرزی رابردوو نابێتەوە، لەبەرئەوەیە میدیا و هاندەران رەخنەیەکی زۆر لە پاولۆ فۆنسیکای راهێنەری پۆرتوگالی دەگرن و لە ئەنجامەکانی رازی نین.
یانەکەی لۆمپاردیا ئەمشەو سوود لەتواناکانی مۆراتا و کاماردا وەردەگرێت و رافائێل لیاو بە باشترین ئاستییەوە دەگەڕێتەوە، بەڵام لوکا یوڤیچ و فلۆرێنزی و بن ناسڕ بەهۆی پێانەوە بەشداریی ناکەن.
لەدوایین حەوت یاریدا بەرامبەر بە یوڤێ، میلان تەنیا دوو گۆڵی لێکراوە و لەم یارییەشدا پێویستیان بەداخستنی بۆشاییە بەرگرییەکانە و ئەمکارەشیان پێدەکرێت، بەوپێیەی هەشتەم یانەن لەرووی بەرگرییەوە.
رکابەرەکەی میلان کە یوڤێنتۆسە، سەرباری کێشەی پێکانەکان و چەندین کێشەی وەرزشیی دیکە، بەڵام هێشتا هیچ یارییەکیان نەدۆڕاندووە.
خانمە پیرەکە سەرەڕای ئەوەی شەشەمی ریزبەندیی کالچیۆیە، بەڵام دووخاڵ لە ناپۆلی پێشەنگەوە دوورە.
تیاگۆ مۆتا و یاریزانەکانی هەموو هەوڵێک دەدەن ئەوەی بەرامبەر بە ئینتەر میلان روویدا، بەرامبەر بە میلانی هاوسێی دووبارە نەبێتەوە، کاتێک چوار گۆڵیان لێکرا و بەزەحمەت ئەنجامەکەیان یەکسانکردەوە، بەڵام ناچاریشن بەبێ دوشان ڤلاهۆڤیچی سڕبی یاریبکەن، کە دووچاری پێکان بووە و هاوکات ئارکادیۆز میلیکی سوێنگرەوەشی هەر پێکراوە.