دوای چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانیان و پێدانی شایستەی دارایی یاریزانان، یانەی رانیە سبەی لە یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی یانەی دەربەندیخان دەبێتەوە و سەرجەم یاریزانانیش ئامادەی یارییەکە دەبن.
لە گەڕی سێیەمی خولی نایابی کوردستان، یانەی رانیە، بەهۆی بایکۆتی یاریزانەکانیانەوە بەرامبەر بە یانەی شێروانە ئامادەی یارییەکە نەبوون، بەوهۆیەوە یارییەکەیان بە ئەنجامی شکست (3 بە 0) بۆ ئەژمارکرا و یاریزانانی یانەکەش جەختیان لەوەکردەوە، تاوەکو شایستە داراییەکانیان پێنەدرێت لە بایکۆت بەردەوام دەبن.
لەم نێوەندەدا، بەڕێوەبەری ئیدارەی راپەڕین لەرێگەی کەسانی سەرمایەدارەوە ئەرکی چارەسەرکردنی بەشێک لەکێشەکانی گرتە ئەستۆ و بەشەکەی دیکەش یانەکە لەهەولدان بۆ دابینکردنی، بەم جۆرە بۆ ماوەی مانگێک شایستەی دارایی یاریزانان دابینکرا.
بڕیاریشە لە داهاتوودا بە هاوکاری ئیدارەی راپەڕین، چەند موڵکێکی یانەکە کە هێشتا تەواونەکراون، کۆتایی بە کارەکانی بهێنرێت و دواتر بدرێتەوە بەکاسانێکی دیکە، ئەو بڕە پارەیەش کە لەم رێگەیەوە کۆدەکرێتەوە، ببێتە ژێرخانێک بۆ یانەکە تاوەکو لە داهاتوودا بتوانێت خۆی پێبژێنێت.