داعش بەرپرسیارێتیی هێرشى سەر سۆفییەکانى ئەفغانستانی لە ئەستۆگرت

مەراسیمی بەخاکسپاردنی چەند قوربانییەکی هێرشەکەی ئەفغانستان

رێکخراوى داعش لە ویلایەتی خوراسان، کە لقی ئەفغانستانی داعشە، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشکردنەسەر مەزارگەیەکی سۆفییەکان لە ویلایەتی بەغلان لە باکووری ئەو وڵاتە راگەیاند، کە تیایدا 10 کەس کوژران.

عەبدولمەتین قانی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاند، لە کاتێکدا سۆفییەکان لە مەزارگەی "سەید پاشا ئاغا" لە شارۆچکەى نەهرەین سەرقاڵى رێوڕەسمی هەفتانە بوون، چەکدارێک تەقەى کردووە و 10 کەسى لێ کوشتوون.

لای خۆیەوە، ریچارد بینێت، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان، لە تۆڕی ئێکس نووسیوویەتی "کەمینە ئایینییەکانی ئەفغانستان لە ژێر هەڕەشەیەکی راستەقینەدان و پێویستییان بە پاراستن و دادپەروەریی زیاتر هەیە".

لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا، داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشێکی دیکە لە ناوەڕاستی ئەفغانستان راگەیاندبوو، کە بووە هۆی کوژرانی 14 هاوڵاتی شیعە مەزهەب، لەکاتێکدا لە پێشوازی زیارەتکارانى کەربەلا بوون.

دەسەڵاتدارانی تاڵیبان دووپاتی دەکەنەوە، کە دەوڵەتی ئیسلامییان تێکشکاندووە، بەڵام ئەو گرووپە بەردەوام بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکان لە ئەستۆ دەگرێت، بەتایبەتی دژ بە سۆفی و شیعەکان کە ئەوان بە "کافر"یان دەزانن.