کۆمکاری عەرەبی، لەسەر داوای عێراق و بۆ تاوتوێکردنى هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ ئەگەرى هێرشکردنەسەر ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2024، کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی نوێنەرانی هەمیشەیی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی "هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنەسەر عێراق" دەکات.
بەگوێرەى ئاژانسی هەواڵی عێراقی، کۆبوونەوەکە، کۆبوونەوەیەکی نائاساییە و وڵاتی یەمەن کە ئێستا سەرۆکایەتیی کۆمکارەکەى لایە، کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەبات.
پێشتر، حوسام زەکی، ئەمینداری گشتیی کۆمکارى عەرەبی رایگەیاندبوو، لەپاش هەڕەشەکانی ئیسرائیلەوە، عێراق بە فەرمی داوای کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی کردووە.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنەسەر عێراق، 23ـی ئەم مانگە، لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ کەناڵ8ـی راگەیاند، عێراق سکاڵای بردووەتە نەتەوەیەکگرتووەکان، چونکە وەک خۆی دەڵێت"رژێمى زایۆنى ئەو هەڕەشانە وەک رێگەیەک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەى عێراق پەلکێشى ململانێکان بکات".