لە پێشبڕکێی لاس ڤێگاسی فۆرمولا وەن، سوپرایز روویدا، کاتێک جۆرج رەسڵ توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت، بەڵام ماکس ڤێرشتاپنی هۆڵەندی بۆ چوارەمجار لەسەریەک بووە پاڵەوانی فۆرمولا وەن.
لاندۆ نۆریس، شۆفێری تیمی ماکلارێن چانسی ئەوەی نەبوو پلەکانی پێشەوە بگرێت، ماکس ڤێرشتاپنیش هەر نەیهێشت ئەو چانسەی لەدەستبچێت، ئەمە چوارەم ساڵە کەس ناتوانێت شان لە شانی بدات و توانی ببێتە پاڵەوانی وەرزی 2024ـی فۆرمولا وەن.
ڤێرشتاپن، شۆفێری تیمی رێدبوڵ، هاوشانی ئالان پرۆست و سباستیان ڤیتێل، سێ تاکە شۆفێرن چوارجار لەسەریەک بوونەتە پاڵەوان، هەروەها ڤێرشتاپن هاوشانی خوان مانوێل، مایکڵ شوماخەر، سباستیان ڤیتێل و لویس هامیڵتۆن، لەو شۆفێرانەن کە زیاتر لە سێ جار بوونەتە پاڵەوانی فۆرمولا وەن.
لە پێشبڕکێی لاس ڤێگاس، جۆرج رەسڵ و لویس هامیڵتۆن، شۆفێرانی تیمی مێرسیدس، هەروەها کارلۆس ساینز، شۆفێری تیمی فێراری، پلەی یەکەم تاوەکو سێیەمیان گرت و خاڵی زیاتریان بۆ تیمەکانیان کۆکردەوە.
ڤێرشتاپن ناسناوی پاڵەوانبوونی یەکلایکردەوە، بەڵام هێشتا ماوە کە تیمەکان ناسناوی باشترین بەدەستبهێنن، بە تایبەت کە ماکلارێن و فێراری پلەی یەکەم و دووەمییان گرتووە.