کۆمکاری عەرەبی سەرکۆنەی هەڕەشەکانى ئیسرائیلی لە دژی عێراق کرد

test

کۆمکاری عەرەبی، بە توندی سەرکۆنەى هەڕەشەکانی ئیسرائیلی دژ بە عێراق کرد و بڕیاریدا نامەیەک ئاراستەی ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بکات.

کۆبوونەوەى کۆمکارى عەرەبى لەسەر داخوازى عێراق بوو، تیایدا تاوتوێى هەڕەشەکانى ئیسرائیل بەرامبەر عێراق کرا، لە راگەیەندراوى پاش کۆبوونەوەکە داواکراوە رێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر، لەپێناو راگرتنی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئارامی نێودەوڵەتی و ناوچەکە.

کۆمکاری عەرەبی بڕیاریداوە نامەیەک ئاڕاستەی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بکات، تیایدا پشتگیرى عێراق دووپاتدەکرێتەوە و بە توندیش ئەو نامەیەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ ئەنجوومەنى ئاسایش رەتدەکاتەوە".

لە ماوەی دوو رۆژى رابردوودا، حکومەتی عێراق، لەرێگەی نوێنەری هەمیشەیی خۆیەوە نامەیەکی ئاراستەی رێکخراوی کۆمکاری عەرەبی کرد بۆ کۆبوونەوە لەسەر ئاستی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەڕەشە و مەترسییەکانی ئیسرائیل بۆسەر عێراق.

پێشتر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل نامەیەکی ئاراستەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، کە تیایدا داوایکردبوو، فشار لە حکومەتی عێراق بکرێت، بۆ راگرتنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقەوە بۆسەر ئیسرائیل.

loading....