مقاوەمەى ئیسلامى: هێرشمانکردەسەر دوو ئامانج لە ئیسرائیل

test
رێورەسمی گرووپێکی چەکداری عێراق لە بەغدا، فۆتۆ: AP

درەنگانی شەوی رابردوو مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، هێرشیکردەسەر دوو ئامانج لە باشووری ئیسرائیل، ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسانى بەغداد هەوڵەکانیان بۆ دوورخستنەوەى عێراق لە ململانێکانى ناوچەکە چڕکردووەتەوە.

مقاوەمەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان، هێرشیکردووەتەسەر دوو "ئامانجی ستراتیجى" لە باشوورى ئیسرائیل.

مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق، چەند گرووپێکى چەکدار لەخۆدەگرێت، دیارترینیان کەتیبەکانى حیزبوڵاى عێراق، نوجەبا و کەتیبەکانى سەید شوهەدان، بۆ یەکەمجار لە 17ـی تشرینی یەکەمی 2023 وەک قەوارەیەک دەرکەوت، کاتێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشکردنەسەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق و سووریا راگەیاند.

هێرشەکە لە کاتێکدایە رۆژى 19ـی ئەم مانگە وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد و تێیدا شەش گرووپی چەکداری عێراقی بە هێرشکردنەسەر ئیسرائیل تۆمەتبارکرد و ئاماژەى بە بەکارهێنانى ماددەی 51ـی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان کردبوو، کە تیایدا مافى بەرگری لە خۆکردن بە هەر وڵاتێک دەدات کە رووبەڕووى هەڕەشە ببێتەوە.

loading....