هونەرمەند و موزیسیان دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان، دلێر کەمانگەر، نوێترین بەرهەمی خۆی بڵاوکردەوە و سەرنجی ئاشقانی موزیکی کوردی راکێشاوە.
ئەلبوومی "کێ بێدارە"، لەلایەن دلێر کەمانگەر بەرهەمهێنراوە و ئێستا یەکێکە لە دیارترین ئەلبوومە موزیکییە کوردییەکان و لە حەوت بەرهەم پێکهاتووە.
ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی ئەم ئەلبوومە، بە سێ زاراوەی کوردی و بەشێوازێکی نوێگەرانە کاری لەسەر کراوە، موزیک فیوژنی چەند ژانرایەکی جیاوازی موزیکییە لەوانە: بلوز، سڵۆو رۆک، پرۆگرێسڤ رۆک، واڵس، مەقام، ئیمپرۆڤ و هتد.
لە ئاستی بەرگی هونەریی هەر بەرهەمێکی ئەم ئەلبوومە، هونەرمەندێکی کورد کاری لەسەر کردووە و خاوەنی حەوت بەرگی هونەریی جیاوازە، ئەم ئەلبوومە، دانانی ئاواز و دابەشکردنی موزیکەکەی لەلایەن دلێر کەمانگەرەوە بۆ کراوە و لەلایەن مەجید کازمییەوە بەرهەمهێنراوە.
دلێر کەمانگەر، یەکێکە لە دیارترین موزیسیانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی کامیارانە و بەشێوەیەکی ئەکادیمی لە ئێران و ئەڵمانیا خوێندنی موزیکی تەواوکردووە، ساڵانێکە، وەکو ژەنیار کاردەکات.