لە دوای تەمەنی چل ساڵی رێژەی سووتانی چەوری ناو جەستە کەمدەبێتەوە کە ئەمەش دەبێتەهۆی زۆریی کێش و قەڵەوی؛ لەهەمانکاتدا هۆکارێکە بۆ دانەبەزینی کێش لە کاتی رێجیمدا ؛ بێگومان هۆکاری دیکەش هەیە بۆ کەمبوونەوەی رێژەی سووتانی چەوریی جەستە و پێشتر بڵاوکراوەتەوە .
کۆمەڵێک گۆڕانکاری و هەنگاوی گرنگ هەن کە دەبنەهۆی زیابوونی رێژەی سووتانی چەوری لەوانە:
- وەرزش بە تایبەت وەرزشی بەهێزبوون وەکو بەرزکردنەوەی ئاسن، پاسکیلسواری، شاخەوانی، زۆمبا ، سەرکەوتن بەسەر قادرمە، هەفتەی دوو جار بۆ سێ جار، ئەگەر توانای ئەوەت نەبوو ئەوە راکردن و رۆیشتن بە پێ بەخێرایی رۆژانە بۆ ماوەی سەعات و نیوێک یان زیاتر بژاردەیەکی تەندروستە .
- خواردنەوەی چای سەوز یان قاوەی سەوز بێ شەکر رۆژانە دوو بۆ سێ کووپ بەڵام بە رۆژ، چونکە شەوانە دەبێتەهۆی تێکچوونی خەو
- زیادکردنی بەهارات لەناو خواردن وەکو بیبەری توون و زەنجەبیل و زیرە و زەردەچەوە و کەمکردنەوەی بڕی خوێی چێشت
- هێشتنەوەی جەستە بە شێداری لەڕێگەی خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو لە نێوان ژەمەکان و خواردنی سەوزە و میوەی کەم کالۆری کە دەوڵەمەندن بە ئاو
- خەوی تەندروست نوستن بە قووڵی شەوانە بۆ ماوەی حەوت بۆ هەشت کاتژمێر و دوورکەوتنەوە لە شەونخوونی و خەوی رۆژ
- خواردنی بڕی پێویست لە ماددە ریشاڵییەکان رۆژانە؛ گرنگی دان بە خواردنی پڕۆتینەکان و چەورییە بە سوودەکان و دوورکەوتنەوە لە خواردنی کاربۆهێدارتی سادەی بەرهەمێنراو بە بڕی زۆر یان نەخواردنیان ئەگەر گونجا
- کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و سترێس ئەگەر بتوانرێت
- دوورکەوتنەوە لە نەخواردنی ژەمە سەرەکییەکان، دروست وایە کە سێ ژەمی تەندروست بخورێت بەڵام لە قاپی بچووک و بە بڕی کەم: تەنانەت رڕۆژووی زانستیش یەکێک لە کێشەکانی ئەوەیە رێژەی سووتانی چەوری و زیندەچالاکی کەمدەبێتەوە ئەگەر بێتوو بە بەرەوامی هەموو رۆژێک پەیڕەو بکرێت بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ
د. کامەران رەسووڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی خۆراک