دەرزییەکانی دابەزاندنی کێش سەرەتا بۆ چارەسەرکردنی شەکرە دروستکران، بەڵام پاش ماوەیەک دەرکەوت کە بەشێوەیەکی بەرچاو و کاریگەر و بێ زیانێکی ئەوتۆ کێشی جەستە دادەبەزێنن، هەربۆیە ئێستا وەکو چارەسەرێکی سەرەکیی قەڵەوی بەکاردەهێنرێن. بەهۆی زۆریی خواست لەسەر ئەم جۆرە دەرمانانە، زۆرجار لە بازاڕەکان نامێنێت.
د. دیلمان عەتار، پسپۆڕی نەخۆشیی شەکرە و کوێرەڕژێنەکانە لە سلێمانی و لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵ8 باسی لە قەڵەوی و ئەم جۆرە دەرزییانەی کرد. پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوە کرد کە باشترین رێگەی دابەزاندنی کێش، وەرزش و رێجیمێکی تەندروستە؛ "بەڵام هەندێک جۆری قەڵەوی هەن، بەتایبەتی ئەوانەی کە بۆماوەیین، وادەکەن کەسەکە تەنانەت بە وەرزش و رێجیمیش کێشی جەستەی دانەبەزێت، لەم کاتەدا لەلایەن پسپۆڕێکەوە دەکرێت چارەسەری بۆ بنووسرێت و کێشی جەستەی داببەزێت".
رێگەکانی چارەسەری قەڵەوی زۆرن، ئێستا لە جیهاندا دەرزیی شەکرە یان دەرزیی دابەزاندنی کێش وەکو رێگەیەکی سەرەکیی چارەسەری قەڵەوی دادەنرێت. د. دیلمان عەتار گوتی "گرنگیی ئەم دەرزییە لەوەدایە کە بەکارهێنانی ئاسانە و کەسەکە هەفتەی جارێک دەیدات لە خۆی، شێوازی بەکارهێنانی دەرزییەکەش لەژێر پێستەوەیە".
پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت لەڕێگەی دەرزیی کێشدابەزاندنەوە 10 بۆ 30 کیلۆگرام لە کێشی جەستە داببەزێنرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا د. دیلمان عەتار گوتی دەرزییەکە بێ مەترسیی نییە و دەبێت تەنیا لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕا بەکاربهێنرێت، بەو پێیەی دەرزییەکانی دابەزاندنی کێش بۆ ئەو کەسانە نابن کە قەڵەو نین و هەندێک مەرج و رێنمایی تایبەتیان هەیە؛ "هەروەها پاش کڕینی دەرزییەکە دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێتەوە بۆ ئەوەی پزیشکەکە لە کوالێتی و جۆری دەرزییەکە دڵنیاببێتەوە، ئێستا دەرزیی ساختە زۆر بووە و دەبێت چارەخوازان ئەو دەرزییانەی دابەزاندنی کێش بکڕن کە بە کۆنترۆڵی جۆریی دەرماندا تێپەڕیون".
سەبارەت بە لێکەوتە نەخوازراوەکانی دەرزییەکە، پسپۆڕەکە گوتی کە زیاتر کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەرزییەکە لەسەر کۆئەندامی هەرس و جگەرە و کەسەکە لەوانەیە هەست بە تێکچوونی گەدە، ئێڵنجدان و رشانەوە و سکچوون بکات؛ "هەندێجار بەهۆی رشانەوەی توندەوە کەسەکە ناچارە واز لە وەرگرتنی ئەم دەرزییە بهێنێت".
دەکرێت لەڕێگەی دەرزیی کێشدابەزاندنەوە 10 بۆ 30 کیلۆگرام لە کێشی جەستە داببەزێنرێت
د. دیلمان عەتار، پسپۆڕی نەخۆشیی شەکرە و کوێرەڕژێنەکان
پسپۆڕەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەرزیی کێشدابەزاندن جێگرەوەی شێوازی ژیانی تەندروست نییە و دەبێت چارەخواز لەگەڵ بەکارهێنانی دەرزیی دابەزاندنی کێشدا لە وەرزش و رێجیم بەردەوامبێت، هەروەها ئەو چارەخوازانەی کە لەگەڵ بەکارهێنانی دەرزییەکەدا لە وەرزش و رێجیم بەردەوام دەبن کێشی جەستەیان ئاسانتر دادەبەزێت.
بێجگە لە دابەزاندنی کێش، پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوە کرد کە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە دەرزیی دابەزاندنی کێش مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک کەمدەکاتەوە.