بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکانى سەرژمێرى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى عێراق چى لێدێت؟

test
دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتی دانیشتووانی عێراقى بڵاوکردەوە و ژمارەى دانیشتووانى عێراق 45 ملیۆن کەسى تێپەڕاندووە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە شەش ملیۆنیان لە هەرێمى کوردستانن.

بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکان، ژمارەى دانیشتووانى عێراق گەیشتووەتە 45,407,495 کەس و ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستانیش گەیشتووەتە 6,370,668 کەس، بەمەش گۆڕانکاریی لە پشک و رێژەى هەرێمى کوردستان لە بودجە و کورسییەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقدا دروستدەبێت.

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لە ساڵی 2006 تاوەکو 2012 بەبێ کێشە دانراوە و پشکەکە بە 17% جێگیرکراوە، هەرچەندە ئەوکاتیش حکومەتی هەرێم، نیگەران بوو لەوەی بە بیانووی لێدەرکردنی خەرجییە سیادی و حاکیمەکان، پشکی هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 13% کەمدەکرێتەوە.

کێشەی هەرێمی کوردستان و بەغداد لەسەر بەشە بودجە لە ساڵی 2018 زیاتر قوڵبووەوە، یەکەم ساڵ بوو دەست بۆ کەمکردنەوەی پشکی هەرێمى کوردستان لە یاسای بودجەدا برا، بەشێوەیەک کە لە یاساکەدا داوا کراوە ژمارەی دانیشتووان بکرێتە پێوەر و بۆ ئەو مەبەستەش پشت بە داتای وەزارەتەکانی پلاندانان و بازرگانیی بەسترا و داتاکانی ناو کۆبۆنی بەشەخۆراک کرا بە پێوەر، بەگوێرەى ئەو داتایانەش، پشکی هەرێمى کوردستان لە 17%ـەوە بۆ 12.67% کەمکرایەوە.

بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکانى سەرژمێری، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق و ژمارەی کورسییەکانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گۆڕانکارییان بەسەردێت.

بەگوێرەی ئەنجامی 96%ـی سەرژمێریی گشتیی، ژمارەى دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 6,370,668 کەس، بەمەش 14%ـی کۆی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت.

بەمەش پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لە 12.67% بەرزدەبێتەوە بۆ 14%، ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە 329 کورسییە، بۆ 450 کورسى بەرزدەبێتەوە، چونکە بەگوێرەی دەستووری عێراق هەر کورسییەک بۆ 100 هەزار کەس دیاریکراوە.

لە ئەگەرى هێشتنەوەى ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنەکە وەکو خۆی کە 329 کورسییە، ئەوا دەنگی پێویست بۆ هەر کورسییەک لە 100 هەزارەوە بۆ نزیکەی 140 هەزار دەنگ زیاد دەکات و لەم بارەشدا چەند پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان کە ژمارەی دانیشتووانەکەیان کەمە، زەرەرمەندی یەکەم دەبن و کورسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ 46 کورسی دادەبەزێت.

کۆی گشتیی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 بریتییە لە 211 تریلیۆن و 861 ملیار دینار و زیاتر لە 64 تریلیۆن کورتهێنانی هەبووە، لەو بڕەش زیاتر لە 20.9 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024 عێراقدا دیاریکراوە، بۆ پرۆژەیاسایی بودجەی 2025 زیادبوونی پشکی هەرێمی کوردستان بۆ 14% واتە 1.33% زیادیکردووە کە لە ساڵی 2018ـەوە بە 12.67% خەمڵێندراوە.

loading....