باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئاشکرایدەکات، وڵاتەکەی رۆڵی کاریگەری لە کەمکردنەوەی پەرەسەندنی گرژییە هەرێمایەتییەکان لە عێراق هەبووە، دەشڵێت، پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغداد بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیووە و کارکردن لەسەر رێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بەردەوامە.
ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە گفتوگۆیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، بەمنزیکانە عێراق جێدەهێڵێت و خۆشحاڵ بووە بە کارکردن لەو وڵاتە.
راشیگەیاندووە، "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە یارمەتیدانی عێراق بەردەوامە سەرەڕای شکستهێنانی داعش، رێککەوتووین لەسەر گۆڕینی پەیوەندییەکانمان و جێهێشتنی عێراق لە ساڵی 2025".
دەشڵێت، "جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە بەردەوامە و پابەندین بەو وادانەی دیاریکراون، ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی قوڵتر دەکاتەوە".
باسیلەوەشکردووە، "پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامدان، رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجیی نێوانمان رێککەوتننامەیەکی فرەلایەنە و تەنیا ئەمنی نییە".
ئەلینا رۆمانۆسکی ئەوەشی ئاشکراکردووە، "ئیدارەی بایدن رۆڵی گەورەی بینیووە لە کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمایەتییەکان دژ بە عێراق".