ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوای بڵاوبوونەوەى هەواڵى رازیبوونى ئیسرائیل و لوبنان بە مەرجەکانی ئاگربەست لە لوبنان و پێشنیازی نوێی ئەمریکا، نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکاندا دابەزینی تۆمارکرد.
رۆیتەرز ئەوەشی ئاشکراکردووە، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 1.34 دۆلار دابەزی کە رێژەی 1.7%ـی نرخەکەی دەکات و بەوەش هەر بەرمیلێک لەبازاڕەکاندا بە 73.83 دۆلار مامەڵەى پێوەدەکرێت.
هاوکات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی تەکساسی ئەمریکا 1.44 دۆلار دابەزی و بە 69.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەى پێوەدەکرێت.
دابەزینى نرخى نەوت لەکاتێکدایە، حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، لەگەڵ حیزبوڵاى لوبنان بەرەو ئاگربەست هەنگاودەنێن، هەرچەندە هێشتا چەند پرسێک هەیە چارەسەربکرێن.
بەرپرسانی لوبنانیش گەشبینن بە پێشکەوتنەکان و رایانگەیاند، بەئومێدەوە لەم هەنگاوە دەڕوانن، هەرچەندە متمانەی زۆریشیان بە نەتانیاهوو نییە.
هەفتەی رابردوو، دوای تاقیکردنەوەی موشەکە هایپەرسۆنیکەکەی رووسیا نرخی هەردوو جۆرەکەی نەوت بەرزترین ئاستیان لەماوەی دوو مانگی رابردوودا تۆمارکرد.