مەشهەدانی داوای پەسەندکردنی پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی دەکات

test
مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داواى لە فراکسیۆنەکان کردووە، پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی پەسەندبکەن، بەو پێیەی پەیوەندیی بە مافی خەڵکی زوڵملێکراوەوە هەیە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران، مەشهەدانى لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆن و قەوارە سیاسییەکان کۆبووەتەوە و جەختیکردووەتەوە لە پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیاسایانەى کە مشتومڕئامێزن، ئەوانیش پرۆژەى هەمواری یاسای باری کەسی، پڕۆژە هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی، پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، کە چەندجارێک خراونەتە بەرنامەی کارەوە، بەڵام دەنگیان لەسەر نەدراوە.

بەگوێرەی خشتەی کاری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا حەوت جار ئەو پڕۆژەیاسایانە بە جیا یان پێکەوە، خراونەتە ناو خشتەی کاری دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەسەریان، نەتوانراوە خوێندنەوە بۆ بەشێک لە بڕگەکانی پرۆژەیاساکان تەواو بکرێت و پەسەندبکرێن.

بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنەکە، لە رۆژی 24ـی تەممووزی 2024، رۆژی 4ـی ئابی 2024، رۆژی 3ـی ئەیلوولی 2024، رۆژی 16ـی ئەیلوولی 2024، رۆژی 2ـی تشرینی یەکەمی 2024، رۆژی 27ـى تشرینی یەکەمی 2024، جارێکی دیکە و لە رۆژی 29ـی تشرینی یەکەم، هەرسێ پرۆژەیاساکە خراونەتە بەرنامەى کارەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆییەکانەوە دواخراون و نەتوانراوە پەسەندبکرێن.

پرۆژەیاساى لێبوردنى گشتى سوننە ئامادەى کردووە و پرۆژەیاساى بارى کەسیی شیعە و پرۆژەیاساى گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەکانیان کورد پێشکەشیانکردووە.

loading....