کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لە رێورەسمى دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراودا دەکات.
ئەندرۆ بەیتس، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوە کرد، سەرۆک بایدن بەڵێنیداوە بەشداری لە رێورەسمى دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکادا بکات.
گوتیشی "بەبێ گوێدانە ئەوەی کێ براوەی هەڵبژاردنەکان بووە، بایدن و خانمی یەکەمی ئەمریکا ئەم بەڵێنە دەبەنەسەر و بەشداری لە رێورەسمى دەستبەکاربووندا دەکەن".
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ترەمپ چوار ساڵ لەمەوبەر لە رێورەسمى دەستبەکاربوونی بایدندا وەکو سەرۆکی ئەمریکا ئامادەنەبوو، بەوەش بووە یەکەم سەرۆک لە ماوەی زیاتر لە 150 ساڵدا بەشداری رێورەسمى دەستبەکاربوونی جێنشینەکەیدا نەکات.
ترەمپ تەواوى پێکهاتەى کابینەکەى دیاریکردوە و بڕیارە رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2025، وەکو سەرۆکی نوێی ئەمریکا بۆ ماوەی چوار ساڵ دەستبەکاربێت.