هەڵۆ مستەفا عەسکەری وەک وەزیری نوێی ژینگەی عێراق سوێندی یاسایی خوارد

test
هەڵۆ مستەفا عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق

لە دانیشتنی ئەمڕۆى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هەڵۆ مستەفا عەسکەری، لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک وەزیری نوێی ژینگەی عێراق سوێندى یاسایی خوارد، لەکاتێکدا پێشووتر ئەو پۆستە لەلایەن نزار ئامێدییەوە بەڕێوەدەبرا.

د. هەڵۆ مستەفا عەسکەرى، پسپۆڕى تەندروستى و سەلامەتى ژینگەیە و خاوەنى بڕوانامەى دکتۆرایە لە زانستى ژینگەدا، لە ساڵانى 1999 بۆ 2009 راوێژکارى ژینگە بووە لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا، لە ساڵى 2010 بۆ 2012 راوێژکارى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بووە بۆ کارى ژینگە.

لە ساڵى 2012 تاوەکو 2018 راوێژکار بووە لە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان، ساڵانى 2018 بۆ 2020 سەرۆکى دەستەى ژینگەى هەرێمى کوردستان بووە و دواتر لە 2020 بۆ 2021 راوێژکارى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بووە، بۆ کاروبارى ژینگە.

د. هەڵۆ عەسکەرى لە ساڵى 2021 بەڕێوەبەرى لقى سلێمانى و بەڕێوەبەرى ژینگەى کۆمپانیاى نەوتى هیلال بووە لە هەرێمى کوردستان.

دواى ئەوەى نزار ئامێدی، کە لە پشکى یەکێتى وەزیرى ژینگەى عێراق بوو و پۆستى سەرپەرشتیارى مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی لە بەغداد پێدرا، یەکێتی هەڵۆ مستەفا عەسکەری خستە جێگەى نزار ئامێدی و وەکو وەزیرى ژینگەى عێراق دەستبەکاربوو.

loading....