کۆمپانیای هواوی زنجیرەی مۆبایلی مەیت 70ـی راگەیاند

test

کۆمپانیای هواوی چینی ئەمرۆ لە بۆنەیەکی تایبەتدا، زنجیرەی مۆبایلی مەیت 70ی بە سیستمی کارپێکەری تایبەت بە خۆی بە ناوی  HarmonyOS نمایشکرد، کۆمپانیاکە بە بەهێزترین مۆبایلی مەیت ناویدەبات کە تاوەکو ئێستا دروستیکردبێت.

ریچارد یو، سەرۆکی گروپی بازرگانی بەکارهێنەر لە هواوی، لە ئاهەنگێکدا، مۆبایلە نوێیەکی نمایشکرد و ئاماژەی بەوەکرد، زنجیرەی مۆبایلی مەیت 70، پرۆسێسەرێکی بەهێزتری هەیە، لەسەر سیستمی هارمۆنی ئۆ ئێس نێکست کاردەکات، ئەمەش وایکردوە کارایی مۆبایلەکە بە رێژەی ٪40 بەرزببێتەوە بەراورد بە مۆدێلەکانی پێشخۆی.

خستنەبازاڕیی ئەم بەرهەمە نوێیەی هوای لەکاتێکدایە، کە پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا، ئەمریکا سنوردارکردنی نوێی هەناردەکردن رابگەیەنێت، کە رەنگە تاوەکو 200 کۆمپانیای چیپی چینی بخرێتە ناو لیستی رەشی بازرگانییەوە، بەمەش دەستڕاگەیشتنیان بە دابینکەرانی ئەمریکا سنووردار دەکات.

ساڵی رابردوو، هواوی بە راگەیاندنی زنجیرەی مەیت 60 کە چیپی پێشکەوتووی ناوخۆی چینی لەسەر جێگیرکرابوو، سەرنجی جیهانی بۆخۆی راکێشا، وەک دەستکەوتێکی گەورە و سەرکەوتن بەسەر سزاکانی ئەمریکادا لە سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی کۆمپانیاکە بە چیپی پێشکەوتوو سەیردەکرا.