بایرن میونشن لە ئەلیانز ئارێنا رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە

یاریگەی ئەلیانز ئارینا یەکێک لە گەورەترین یارییەکانی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ لەخۆدەگرێت، یانەی بایرن میونشن رووبەرووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە، هەردوو یانەکەش لەژێر گووشارێکی قورسدان بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە.

بایرن لە ریزبەندیی یانەکانی قۆناغی یەکەمدا حەڤدەیەمە بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ لەکۆی چوار یاری، پاریس سانجێرمانیش پانزەیەمە و تیپەکەی لویس ئێنریکی لەچوار یاریدا تەنیا چوار خاڵی کۆکردووەتەوە.

بایرن لەدوای شکستەکەی بەرشلۆنەوە، زنجیرە سەرکەوتنێکی بە شەش یاریی تۆمارکردووە، لەدواین سەرکەوتنیش لە بۆندسلیگا بەرامبەر بە ئاوگسبۆرگ، توانیویەتی بە جیاوازیی شەش خاڵ پێشەنگی خولی ئەڵمانیا بگرێت.

یانەکەی ئەڵمانیا لە خولی ناوخۆ وەک پادشا مامەڵە دەکات و هیچ شکستێکی نەبووە، بەڵام لە چامپیۆنزلیگ دووچاری ئاستەنگی بووە، بەرامبەر بە بەرشلۆنە و ئەستۆن ڤێلا دۆڕاوە.

بایرن بەرامبەر بە یانە فەرەنسییەکان لە دوایین 14 یاریدا 12 جار براوەبووە، لەدوایین 27 یاریشدا لە یاریگەی خۆی 22 سەرکەوتنی هەیە و دوایین شکستی لە یاریگەی خۆی بەرامبەر پاریس مێژووەکەی بۆ 2020-2021 دەگەڕێتەوە.

پاریس سانجێرمانیش لەناوخۆی فەرەنسا هەمان بارودۆخی بایرنی هەیە و بە شەش خاڵ لوتکەی گرتووە، بەڵام لە چامپیۆنزلیگ بارودۆخی باش نییە، بە ئەتلەتیکۆ مەدرید و ئارسیناڵی دۆڕاندووە و بەرامبەر ئایندهۆڤنیش یەکسانبووە، یانەکە بەو هەموو گەورەییەوە تەنیا سێ گۆڵی تۆمارکردووە.

پاریس لەدوایین 37 یاریی ئەوروپیدا تەنیا 15 سەرکەوتنی هەیە و 14 شکستی هەبووە، بەرامبەر بایرنیش مێژوو لە بەرژەوەندیی نییە و سەرکەوتن لە یارییەکەی ئەمشەودا بەرامبەر بە یانەکەی باڤاریا کارێکی ئاستەمە.