بەرشلۆنە لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ بەدوای چوارەم سەرکەوتنی لەسەریەکدا دەگەڕێت، کاتێک لە یاریگەی لویس کۆمپانیس میوانداریی یانەی بریستی فەرەنسی دەکات.
یانەکەی هانسی فلیک لە ریزبەندیی قۆناغی یەکەمدا شەشەمە و لەچوار یاریدا نۆ خاڵی کۆکردووەتەوە، بریستی رکابەریشی لەباشترین بارودۆخیدایە و چوارەمە بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ.
بەرشلۆنە لە خولی ناوخۆی ئیسپانیا پێشەنگە و بە جیاوازیی چوار خاڵ پێش ریال مەدریدی گرتووە، دوایین یاریشی بەرامبەر سێلتا ڤیکۆ بە ئەنجامی یەکسانبوون کۆتاییهات، رەنگە ئەمە پاڵنەرێک بێت بۆ ئەوەی ئەمشەو لەبەردەم هاندەرانیاندا کاردانەوەیەکی بەهێز نیشانبدەن.
یانەکەی کەتەلۆنیا لە یەکەم یاریی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بە مۆناکۆ شکستیهێنا، بەڵام لە سێ یاریی دیکەی یەک لەدوایەکدا لە یۆنگ بۆیز، بایرن میونشن و سرڤینا زڤیزدای بردەوە و لەم نێوەندەدا هێرشبەرانی یانەکە 14 گۆڵیان تۆمارکردووە.
بلاوگرانا لەدوایین 14 یاریدا بەرامبەر بە یانەکانی فەرەنسا نۆ سەرکەوتنی هەیە، بەڵام کێشەی لەسەر ئاستی ئەوروپا هەیە و لە دوایین 19 یاریدا تەنیا نۆ سەرکەوتنی هەبووە.
یانەی بریست رەنگە وەک ناوی بچووک بێت، بەڵام لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی یەکێکن لەو پێنج یانەیەی یەکەمجارە لەم خولەدا بەشدارییان کردووە، بەڵام سێ سەرکەوتن و یەکسانبوونێکیان تۆمارکردووە.
بریست بە 10 خاڵەوە جوارەمی قۆناغی کۆمەڵەکانە و تەنانەت لەپێش بەرشلۆنەشە، تیمەکەی ئێریک روی، لەدوایین یاریدا یەکسانبوونی بەرامبەر باهەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی تۆمارکرد، بەوەش دەریخست کە توانای هەیە بەرامبەر بە گەورەکان ببێتە کۆسپ.