مامۆستایەکى زانکۆ لە هەرێمى کوردستان، 93%ى ناوى گوندەکانى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى پرۆژەیەکەوە بۆ نەخشەى گوگڵ زیادکردووە.
لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنى گرفتى نەبوونى زانیارى و تۆمارکردنی ناوچەکانى هەرێمى کوردستان لە ناو نەخشەی گوگڵدا، مامۆستایەکى زانکۆى راپەڕین، لەچوارچێوەى پرۆژەکەیدا بەشێکى زۆرى گوندەکانى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانى بەشێوەیەکى فەرمى و هەمیشەى لەسەر نەخشەى گوگڵ تۆمارکردووە.
ئاکام عەزیز، جێبەجێکارى پرۆژەکە لە میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى تەکنەلۆجیاى کەناڵ8، رایگەیاند، لەچوارچێوەى ئەم پرۆژەیەدا چارەسەرى ئەو گرفتەیانکردووە کە لە چوارچێوەى پرۆژەى گوگڵ ماپس، بۆ گەشتیاران و سەردانیکەرانى هەرێمى کوردستان دروست دەبوو.
گوتیشى، ماوەى سێ ساڵە کار لە پرۆژەکەیدا دەکات و لە هەشت پاکێج پێکهاتووە و 93%ى گرفتەکانى نەبوونی لۆکەیشنی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمى کوردستانی لە ناو نەخشەی گوگڵدا چارەسەربووە، لە رێگەى دیاریکردنى فەرمانگەکانى حکومەت و پارک و شەقامە سەرەکییەکان.
ئاماژەى بەوەشکرد، لەڕێگەى تایبەتمەندى گوگڵ ستریت ڤیو، دیمەنى سێ رەهەندى ناوچەجیاوازەکانى هەرێمى کوردستانی بۆ نەخشەى گوگڵ زیاد کردووە و بەکارهێنەر دەتوانێت لە رێگەیەوە بەشێوەیەکى ڤێرچوەڵ ئەزموونى ئەو شوێنانە بکات کە دەیەوێت بیان بینێت.
بەگوتەى ئاکام عەزیز، ئامانج لە پرۆژەکەى باشترکردنى ژێرخانى دیجیتاڵى هەرێمى کوردستانە بەمەبەستى پێشخستن و دەستڕاگەیشتن و پاراستنى ناسنامەى کولتوورى گوندەکانى هەرێمى کوردستان.