راستکردنەوە یان خاوکردنەوەی قژ بە بەکارهێنانی هەندێک ماددەی تایبەتی وەکو گلایکۆلیک ئەسید، لەوانەیە مەترسیی تووشبوون بە پەککەوتنی کتوپڕی گورچیلە زیادبکات، ئەمەش بەهۆی نیشتنی خوێکانی ئۆکزەلەیت لە جۆگە وردەکانی گورچیلەدا.
ئەم حاڵەتە چۆن روودەدات؟
ئەم حاڵەتە کاتێک روودەدات کە گلایکۆلیک ئەسید بە زیندەچالاکییەکانی جەستەدا تێدەپەڕێت و دەبێت بە ئۆکزەلەیت.
ئۆکزەلەیت بەندێکی کیمیایی بەهێز لەگەڵ کانزاکانی دیکەی وەکو سۆدیۆم، پۆتاسیۆم، مەگنیزیۆم و کالسیۆم دروستدەکات، ئەمە دەبێتەهۆی دروستبوونی جۆرە کریستاڵێک کە پێی دەگوترێت خوێکانی ئۆکزاڵەیت، ئەم خوێیانە یان ئەم کریستاڵانە رێڕەوی جۆگە وردەکانی گورچیلە دەگرن و دەبنەهۆی مردنی خانەکانی ئەو جۆگەلانە.
بەرکەوتنی پێست بۆ ماوەیەکی زۆر بە ئەم ماددەیە، لەو کەسانەی پێشتر گرفتی گورچیلەیان هەبووە، مەترسیی تووشبوونیان بەم حاڵەتە زیاددەکات. هەربۆیە باشترە ئەو ماددانە بەکاربهێنرێن کە تەندروست و سەلامەتن و گلایکۆلیک ئەسیدیان تێدا نییە.
هەمان ئەو حاڵەتەی باسمانکرد دەکرێت لەگەڵ خواردنەوەی شلەی ئەنتیفریز رووبدات، کە لە زستاندا بۆ رێگریکردن لە بەستنی شلەی بزوێنەر بەکاردەهێنرێت.
د. جۆڤان عەبدولمەوجوود، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە