ئەستۆن ڤێلا میوانداریی یۆڤێنتۆس دەکات

test

رۆژی دووەمی گەڕی پێنجەمی چامپیۆنزلیگ بەردەوامە و یەكێک لە یارییە گرنگەکانی ئەمشەو، لە نێوان یوڤێنتوسی ئیتاڵی و ئەستۆن ڤێڵای ئینگلیزیدایە، کە کاتژمێر 11:00 لە یاریگەی ڤێلا پارکی تایبەت بە یانە ئینگلیزیەکە ئەنجامدەدرێت.

دوای سێ سەرکەوتنی لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگ، ئەستۆن ڤێڵا لە چوارەم یارییاندا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرامبەر کلەب بروجی بەلجیکی تووشی شکستهات.

ڤیڵانس ماوەیەکە بارودۆخی باش نییە، دوای 10 یاریی بێشکست، یانەکە ڕێرەوی بردنەوەی لێ ون بووە و ئەوە حەوت یارییە نازانێت تامی بردنەوە چۆنە، چوار شکستی لەسەریەکیشی تۆمارکرد، لە دوایین یارییشیاندا یەکسانبوون لە پریمەرلیگ، بۆیە ئەمشەو کاتی ئەوەیە ئونای ئیمری تیمەکەی یەکبخاتەوە و دڵی هاندەرانیان ئاشت بکەنەوە.

یانەکەی بێرمینگهام وردە وردە توانای یاریزانەکانی بۆ دەگەرێتەوە ، بەڵام تاوەکو ئێستا بۆ یارییەکەی ئەمشەو گومان لە بەشدارییکردنی سێ یاریزان دەکرێت ئەوانیش کامارا و کۆنسا و ئۆنانایە.

رکابەریی ئەمشەوی ڤێڵانس کە یوڤێنتۆسە، هەرگیز ئاسان نییە، بەڵام خانمە پیرەکە هاوشێوەی یانە ئینگلیزیەکە لە دەردێک هاوتان، ئەویش ئەوەیە نە لە خولی ناوخۆ و نە لە چامپیۆنزلیگ بارودۆخییان جێگیر نییە ئەم ماوەیە، زۆری ژمارەی  یەکسانبوونەکانی یوڤێ، کە هەشت یەکسانبوونە گومانی لای هاندەرانی دروستکردووە، دوایین دوو یاریشیان لە چامپیۆنزلیگ بە شکستێک و یەکسانبوونێک کۆتایی پێهێناوە.

ئەوەی خاڵی بەهێزە بۆ ئەستۆن ڤێڵا  یاریگەی خۆیەتی، کە توانیویەتی هەشت یاریی لەسەریەک بباتەوە، بیریشمان نەچێت هەر لە یاریگەی خۆی،  یەکێک لە گەورەکانی ئەوروپا کە بایرن میونشنە، بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام کوتا بە زەویدا، بەڵام دوایین یانەی ئیتاڵی کە لەم یاریگەیە گۆڵی تۆمارکردبێت هەر یوڤێنتوس بوو، ئەویش مێژوویەکەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1983.

ئاماری خانمە پیرەکە بەرامبەر یانە ئینگلزیەکان لە 52 یارییدا بەم شێوەیەیە، کە 21 بردنەوە و 14 یەکسانبوون و 17 شکستی تۆمارکردووە، بۆیە چاوەڕێێ رکابەریەکی بەهێز دەکرێت.

loading....