وێستگەی شەمەندەفەرەکانی ساڵۆنیک دەبن بە سەکۆیەک بۆ نمایشی پارچە شوێنەوارییەکان

لەگەڵ کردنەوەی رێیەکی نوێی ئاسنیندا لە ساڵۆنیکی وڵاتی یۆنان، سەدان هەزار پارچەی مێژوویی نمایشدەکرێن و رۆژانە بەکارهێنەرانی ئەم هێڵە دەتوانن لەنزیکەوە بینەریان بن.

پاش تێپەڕینی 20 ساڵ بەسەر دووبارە نۆژەنکردنەوەی هێڵی ئاسنینی ساڵۆنیک لە یۆنان، 300 هەزار پارچەی شوێنەوار و دێرین دۆزرانەوە و ئێستا پارچەکان نمایشدەکرێن و سەرنجی گەشتیار و بەکارهێنەرانی هێڵەکەیان راکێشاوە.

لە دیارترین ئەو پارچانەی دۆزراونەتەوە، بریتین لە: رێگەی رۆمانی، مۆزایک و شوێنی ناشتنی کەسایەتییە ناسراوەکان.

بە گوتەی کریستۆس ستایکۆراس، وەزیری ژێرخان و گواستنەوەی یۆنان؛ بەنزیکەی لە درێژایی 10 کیلۆمەتردا، هێڵە ئاسنینەکە پاشماوەی شوێنەوارە دێرینەکان دەبڕێت، کە بەشێکی زۆر لەو پارچانەی لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا دۆزراونەتەوە، ئێستا لە شوێنی تایبەتی خۆیاندا دانراون و لەنێو وێستگەی وەستانی شەمەندەفەرەکاندا نمایشدەکرێن، کە تێکڕای تێچووی نۆژەنکردنەوەی هێڵەکە و تەرخانکردنی شوێنی نمایشی پارچەکان، سێ ملیار دۆلار بووە.

هێڵی ئاسنینی ساڵۆنیک، پێگەیەکی گرنگ و دەوڵەمەندی کەلەپووریی و مێژوویی هەیە، لەناوەندی پاشماوەی شارستانییەتی رۆمانی و بیزەنتییدا هەڵکەوتووە.