لە گەڕی پێنجەمی قۆناغی یەکەمی چامپیۆنزلیگ، دینامۆ زاگریبی کرواتی لە یاریگەی ماکسیمێر میوانداریی یەکێک لە بەهێزەکانی ئەڵمانیا دەکات، کە یانەی بوروسیا دۆرتمۆندە.
دینامۆ دوایین یاریی چامپیۆنزلیگی لە سلۆڤان براتیسلاڤا بردووەتەوە و لەخانەی شازدەیەمدایە، بەرامبەرەکەشی کە دۆرتمۆندە، دوایین یاریی لە شتورم گراتس بردووەتەوە و حەوتەمە.
دۆرتمۆندی نوری شاهین لەسەرەتا هەشت یارییدا شەش سەرکەوتنی بەدەستهێنا و میدیاکان بەردەوام باسیان لە تەکتیک و گوڕوتینی راهێنەرەکە دەکرد، بەڵام دواتر لەنۆ یاریدا پێنج شکستیهێنا و بەتایبەت لە خولی ئەڵمانیا خامۆش بوونەوە، بەکۆی 19 خاڵ لە خانەی پێنجەمدان و جیاوازییەکەیان لەگەڵ بایرنی پێشەنگ 10 خاڵی تەواوە.
یانە زەردەکەی ئەڵمانیا لە چامپیۆنلزیگ بارودۆخی بشترە، لە کۆی چوار یاری سێ سەرکەوتنی هەیە و تەنیا بە یانەی ریال مەدرید دۆڕاوە، لە ریزبەندییەکەشدا حەوتەمە، کە یەکێکە لە پلە راستەوخۆکان بۆ قۆناغی داهاتوو، بۆیە ئەمشەو هەرچییەک دەکەن لە پێناو سەرکەوتن و پارێزگاریکردندایە لە پێگەکەیان.
دینامۆ زاگریبیش کە لەلایەن نیناد بیلیکاوە سەرپەرشتی دەکرێت، لە خولی ناوخۆی کرواتیا لە خانەی سێیەمدایە، چوار خاڵ لە هایدوک سپلیتی پێشەنگەوە دوورە.
سەرەڕای ئەوەی یانەکەی کرواتیا لە دوایین 11 یاریدا تەنیا یەک شکستی هەبووە، بەڵام بەپێچەوانەی یانەکانی دیکەوە خاڵی لاوازی لە یاریگەی خۆیدایە و سێ یارییە هیچ سەرکەوتنێکی نەبووە، بەرامبەرەکەشیان ئەمشەو کە دۆرتمۆندە، کێشەی لەدەرەوەی یاریگەی خۆیدا هەیە و دوایین شەش یاریی لەدەرەوەی یاریگەی خۆیدا دۆڕاندووە، بۆیە رووبەڕووبوونەوەکە چاوەروانی زۆری لێدەکرێت لەنێوان دوو یانەدا، کە هەریەکەیان خاڵی لاوازیان دەردەکەوێت.