پاش وەرزشکردن ئاوی گەرم بەکاربهێنین یان ئاوی سارد؟

یەکێک لە ترێندە جیهانییەکان لەناو وەرزشواناندا، چوونە ناو دەفرێکی ئاوی سەهۆڵاوە، زۆرجار وەرزشوانان ئەم کارە بۆ ئەوە دەکەن پاش وەرزشکردن و ماندووبوون زووتر تواناکانیان بۆ بگەڕێتەوە.

ئێستا توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات، چوونە ناو دەفرێکی گەرم و خۆشتن بە ئاوی گەرم، بەراورد بە ئاوی سارد، وادەکات زووتر ماسولکەکان نوێببنەوە و توانای جەستەیی وەرزشوانەکە بەشێوەیەکی خێراتر بگەڕێتەوە.

لە توێژینەوەکەدا چەند وەرزشوانێک کۆکراونەتەوە و ماوەی 50 خولەک وەرزشی توندیان پێ کراوە، پاش وەرزشەکە بەشێکیان خۆیان خستووەتە ناو ئاوێکی سەهۆڵاو و بەشێکی دیکەشیان لەناو دەفرێک ئاوی گەرمدا خۆیان شتووە؛ پاش کاتژمێرێک لە وەرزشەکە، ئەوانەی کە لە ئاوە گەرمەکەدا بوون بەشێکی زۆری تواناکانیان بۆ گەڕابوویەوە و توانایان لەوانە زیاتر بووە ئاوی ساردیان بەکارهێناوە.

پسپۆڕان دەڵێن لەگەڵ ئەم ئەنجامانەدا گرنگە ئەوە بزانرێت کە خۆشتن بە ئاوی سارد بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان، و هەوکردن و ماندوویی کاریگەرترە.

ئاوی گەرم سووڕی خوێن بۆ ماسولکەکان چالاکتر دەکات و ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی ماسولکەکان ئاسانتر نوێببنەوە.