باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، کێشەکانی نێوان بەغداد و هەولێر بەتەواوى چارەسەر نەکراون، بەڵام رێککەوتوون لەسەر زیادکردنی خەرجی بەرهەمهێنانى نەوت بۆ 16 دۆلار و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
باسم عەوادی گوتى، "بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە، نەختینەی هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە، هەروەها هەناردەی رۆژانەی 70 بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکیش وەستاوە".
عەوادى لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵى عێراقییە گوتیشى، "راگرتنی هەناردەی نەوت، هۆکار بوو بۆ دەرکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەى تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و مانگانە پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی هەرێمى کوردستان زیاترە لە 900 ملیار دینار".
ئاماژەى بەوەشکردووە، کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی چارەسەر نەکراون، بەڵام پاش ساڵ و نیوێک لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە نێوان 26 دۆلاری کۆمپانیا نەوتییەکان و 6 دۆلاری حکومەت، لەسەر 16 دۆلار رێککەوتن کراوە، بەگوتەى ئەو، ئەمەش وادەکات هەرێمی کوردستان نەوتەکەی هەناردە بکاتەوە، بەمەش داهاتی زیاتر دەست هەرێمى کوردستان و عێراق دەکەوێت.
عەوادی بۆچوونى وایە، سەرگرتنى رێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، دەبێتە سەرەتایەک بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای نەوت و گاز.