21 وڵات رێککەوتنێکیان لە بوارى بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی واژۆ کرد

كۆبوونەوەی رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی

21 وڵاتی ئەندامی رێکخراوی هاریکاریى ئیسلامی کە عێراقیشیان تێدایە، رێککەوتنێکیان لە بوارى بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی واژۆ کرد و رێکخراوەکەش واژۆکردنی رێککەوتنەکە بە رووداوێکی مێژوویی وەسفدەکات.

رێکخراوی هاریکاریى ئیسلامی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "واژۆکردنی رێککەوتننامەکە لەلایەن ئەو ژمارە زۆرەی وڵاتانەوە، رووداوێکی مێژووییە و دەبێتە هۆکارى بەپەلە جێبەجێکردنی".

رۆژی چوارشەممە رێککەوتننامەکە لە قەتەر واژۆکرا، کە بە رێککەوتننامەی مەککە ناسراوە، 56 وڵات و ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی بەشداری کۆبوونەوەی دووەمی وەزاریی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییان کرد.

ئامانجی رێککەوتنەکە، دانانی چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ ئاسانکردنی هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە یاسای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەنێوان وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی جێبەجێدەکات.