ساڵانە 1.5 مليۆن کەس بەهۆی سوتانی دارستانەكان و پیسبوونی هەوا گیانلەدەست دەدەن

دیمەنی سوتانی دارستانی ویلایەتی كۆلۆرادۆی ئەمریكا. فۆتۆ: AP

توێژينەوەيەکی نوێ دەريخستووە، پيسبوونی هەوا بەهۆی سوتانی دارستانەكانەوە ساڵانە هۆکاری مردنی 1.5 مليۆن کەسە لە جيهاندا، کە زۆرينەيان لە وڵاتە تازەپێگەيشتووەکاندان.

بەگوێرەی توێژينەوەيەکی گۆڤاری پزيشکیی لانسێت، پێشبينیدەکرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەم ژمارەیەی مردن زياتربێت، لەکاتێکدا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاگری دارستانەکان زياديکردووە و چڕتر بووە.

بەگوێرەی توێژينەوەکە، لەنێوان ساڵانی 2000 بۆ 2019 ساڵانە نزيکەی 450 هەزار حاڵەتی مردن بەهۆی نەخۆشييەکانی دڵەوە تۆمارکراون، کە پەيوەندييان بە پيسبوونی کەشوهەواوە هەيە بەهۆی سوتانی دارستانەكانەوە.

هەر لە توێژينەوەکەدا هاتووە، 220 هەزار حاڵەتی ديکەی مردن هەيە بەهۆی نەخۆشييەکانی هەناسەدانەوە کە هۆکارەکەی بۆ ئەو دوکەڵ و گەرديلانە دەگەڕێتەوە بەهۆی ئاگرەوە رژاونەتە هەوا.

زياتر لە 90%ـی حاڵەتەکان لە وڵاتانی هەژار و داهات مامناوەندن و لە 47%يان لە وڵاتانی ئەفريقان.

ئەو وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانیان هەبووە، بریتین لە چین، کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، هیندستان، ئیندۆنیزیا و نەیجیریا.