هۆکار و نیشانەکانی جیابوونەوەی وێڵاش لەکاتی دووگیانیدا

د. پۆیلە حەبیب، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون


ئاساییە پاش لەدایکبوونی منداڵ وێڵاش جیاببێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەم جیابوونەوەیە لە کاتی دووگیانی و پێش لەدایکبوونی منداڵەکە رووبدات، ئەوا گرفتی تەندروستی بۆ دایک و منداڵ بەدوای خۆیدا دەهێنێت و تاوەکو زیاتر جیاببێتەوە مەترسییەکە زیاتردەبێت، ئەمەش بە حاڵەتێکی کتوپڕی خانمانی دووگیان دادەنرێت. جیابوونەوەی وێڵاش بە ڕێژەی 0.5% بۆ 1% روودەدات.

جۆرەکانی جیابوونەوەی وێڵاش:

یەکەم: جیابوونەوەی ئاشکرای وێڵاش، ئەمەیان باوترین جۆری جیابوونەوەی وێڵاشە، کە خوێنبەربوونی ئاشکرای زێی لەگەڵ دەبێت.

دووەم: جیابونەوەی شاراوەی وێڵاش، ئەمەیان کەمترە، لە 20%ـی حاڵەتەکاندا روودەدات، لێرەدا دەبێتەهۆی کۆبوونەوەی خوێن لە پشتی منداڵەوە بەبێ ئەوەی خوێنبەربوونی زێ هەبێت.

نیشانەکان:

  • ئازاری سک لەگەڵ خوێنبەربوونی زێ و ئازاری پشت
  • ئازار لەکاتی دەستلێدانی منداڵدان لە پشکنینی کلینیکیدا
  • رەقبوونی منداڵدان
  • کێشە لە گەشەکردنی کۆرپەلە کە هەندێجار دەبێتەهۆی مردنی کۆرپەلە
  • دابەزینی مەترسیداری فشاری خوێن
  • خێرالێدانی دڵ

دەستنیشانکردن:

دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆری ژنان و منداڵبوونەوەیە، هەروەها خانمەکە سۆناری بۆ دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیی کۆرپەلە و دیاریکردنی باری ئاسایی منداڵدان.


هۆکارەکان:

  • تەقین و رۆشتنی ئاوی منداڵ یان شلەی ئامنیۆتیک
  •  بەرزەفشاری خوێن
  •  زەبر، بەرکەوتن و برینداربوونی سک
  •  بچڕانی وێڵاش لە دووگیانیی پێشوودا
  •  جگەرەکێشان
  •  تـەمەن

چارەسەر:
ئەو خانمانەی کە تووشی خوێنبەربوونی زێ یان ئازاری سک بوون بە هۆکارێکی نادیار، دەستبەجێ دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆر بکەن بە مەبەستی بەدواداچوون و چاودێریی بەردەوامی کۆرپەلە، بە بەکارهێنانی کاردیۆتۆکۆگرافی کۆرپەلە و ئامێری سۆنار.


کاتێک تێکچوونی توند لە دۆخی تەندروستیی دایک و منداڵدا هەبێت، وەکو خوێنبەربوونی زۆر و گرفتی کۆرپەلە، رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر بۆ رزگارکردنی دایکەکە و پێدانی خوێن و شلە و دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە دووگیانییەکە. ئەگەر هیچ کێشەیەک لە دایک و کۆرپەلەدا نەبوو ئەوا دەبێت لەژێر چاودێری بەردەوامی پزیشکی پسپۆر بێت.

د. پۆیلە حەبیب زەنگەنە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون