بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "بەغداد بڕی 130 ملیار دیناری تایبەت بە پارەی گەنمی جوتیاران دەنێرێت و خەرجکردنی پارەکە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی بازرگانیی لەسەر دراوە، تەنیا وادەی ناردنەکەی دیارینەکراوە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بارزگانیی هەرێمی کوردستان گوتی، "لەکۆی گشتیی 565 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیاران 130 ملیار دینار ماوە خەرجبکرێت، تەنیا رێکارە کارگێڕییەکانی ماوە کە بەڵێندراوە تاوەکو کۆتایی ساڵ بنێردرێت، بەڵام لە هەوڵداین لەگەڵ تەواوبوونی دابەشکردنی 158 ملیار دینارەکەی پێشتر، ئەو 130 ملیار دینارەی دیکە کە ماوە دابەشبکرێت".
بەر لە ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری، بڕی 158 ملیار دیناری پارەی گەنم لە بەغدادەوە گەیشتووە کە لەو ژمارەیە 60 ملیاری بۆ جوتیارانی پارێزگای سلێمانییە، بڕی 55 ملیار دیناری بۆ پارێزگای هەولێر و 43 ملیار دیناریشی بۆ پارێزگای دهۆکە، پرۆسەی دابەشکردنی پارەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە.
هاوكات، غەریب ئەحمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی گوت ئەمڕۆ وەکو لیژنەی کشتوکاڵ کاتژمێر 11 کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەنجامدەدەن، تاوەکو رێکارەکانی خەرجکردن و ناردنی ئەو پارەی گەنمە کە ماوە خێراتر بکرێت.
ئەمساڵ حکومەتى عێراق بڕی 685 هەزار تۆن گەنمى لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، نرخی هەر تۆنێک لە گەنمى پلە یەک 835 هەزار دینار و گەنمى پلە دوو 815 هەزار دینار دیاریکرا، بە کۆى گشتى جوتیاران بە بەهاى 565 ملیار دینار گەنمیان بە بەغداد فرۆشتووە.