وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشکرایکرد، هەفتەی داهاتوو گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە بۆ فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری لە بەیروت دەستپێدەکاتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی رەزاق محیبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ لایەنی لوبنانی و کۆمپانیاکانی دڵنیایی تایبەتمەند قسە کراوە، بە مەبەستی بەدەستهێنانی مۆڵەتی تایبەت، بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان عێراق و بەیروتدا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، هەفتانە حەوت گەشت لە عێراقەوە بۆ لوبنان ئەنجام دەدرێت، 5 گەشتیان لە فڕۆکەخانەی بەغدادەوە دەبێت و دوو گەشتیشیان لە فڕۆکەخانەی نەجەفەوە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی قەبارەی خواست، گەشتەکان زیاتر دەکرێت.
بەهۆی شەڕی نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڕیاریدا، بە راگرتنی گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە، کە ماوەی نزیکەی 60 رۆژ شەڕ و ئاڵۆزییەکان درێژەی هەبوو.