عێراق هەوڵەکانی بەرامبەر قەدەغەکردنی ماڵپەڕە جیاوازەکان چڕترکردووەتەوە، ماوەی مانگێک دەبێت، وەزارەتی پەیوەندییەکان ماڵپەڕە پۆرنەکانی لە عێراق قەدەغەکردووە، بەو پێیەی لە لیستی زۆرترین ماڵپەڕی سەردانیکراوبوون لە وڵاتەکەدا، یەکێک لە ماڵپەرە پۆرنۆگرافییە سەرەکییەکان، لە پلەی سێیەمدا بووە و 41.53 ملیۆن سەردانیکەری هەبووە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزارەتی پەیوەندییەکان، ماڵپەڕی ئای ئێم دی بی قەدەغەکرد کە پلاتفۆرمێکە زیاتر وەکو داتابەیسێک کاردەکات بۆ فیلمە بیانییەکان و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکات.
ئەم بڕیارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق، بووەتە جێگەی مشتومڕ، بەڵام وەزارەتەکە دەڵێت بەو هۆکارە ماڵپەڕەکەیان قەدەغەکردووە، ناوەڕۆکەکانی دژی مەبدەئەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بوون.
دوای قەدەغەکردنی ئای ئێم دی بی، بەشێک لە عێراقییەکان تێبینیانکرد، وەزارەتی پەیوەندییەکان پلاتفۆرمی ساوندکڵاودیشی بلۆککردووە.
ساوندکڵاود چییە؟
پلاتفۆرمی ساوندکڵاود، کتێبخانەیەکی موزیکییە، سەدان ملیۆن گۆرانی و کلیپی دەنگی جیاوازی تێدایە، زیاتر لە 200 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، لە ساڵی 2007 لە ستۆکهۆڵم لە سوید دروستکراوە، لە 193 وڵاتدا بەکاردەهێنرێت، یەکێکە لە پلاتفۆرمە دەنگییە گەورەکانی جیهان، بەکارهێنەر دەتوانێت تراکە دەنگییەکانی چ پۆدکاست بێت یان گۆرانی و میوزیک، لەناو ئەم پلاتفۆرمە بڵاوبکاتەوە و بەشێکی بەکارهێنەرانیش زیاتر خۆیان وەکو گوێگر دەبیننەوە.
لەمساڵدا 300 ملیۆن تراکی دەنگی لەناو پلاتفۆرمەکەدا بەردەستبووە، بەکارهێنەران مانگانە 20 ملیار خولەک لەسەر پلاتۆرمەکە بەسەردەبەن، زۆرینەی بەکارهێنەرانیشی تەمەنیان لەنێوان 18-34 ساڵدان.
بەگوێرەی ماڵپەڕی سێمڕەش کە ریزبەندی بۆ رێژەی بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنە جیاوازەکان دەکات، ساوندکڵاود لە ریزی سێیەم زۆرترین ئەپە بەکارهێنراوەکانی بواری میوزیک و دەنگە لە عێراق، لە دوای سپۆتیفای و دیزەرەوە دێت، ژمارەی سەردانیکەرانی لە عێراق گەیشتووەتە 205 هەزار کەس.
ئازادی ئینتەرنێت لە عێراق
رێکخراوی فریدەم هاوسیی ئەمریکى، لە راپۆرتێکی خۆیدا دەربارەی عێراق رایگەیاندووە، ئازادی بەکارهێنەرانی تۆڕی ئینتەرنێت لە عێراق پاشەکشەی کردووە، تەنانەت بەکارهێنەرانی رووبەڕووی رفاندن و تیرۆرکردن بوونەتەوە.
راپۆرتەکە نزیکەی 72 دەوڵەتی جیهان لە خۆگرتووە، کۆی لە %87ـی بەکارهێنەرانی ئینتەرێنت لەسەر ئاستی جیهان دەگرێتەوە.
راپۆرتەکە ئاستی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتی بۆ ئازاد و ئازادی رێژەیی و نائازاد ریزبەندکردووە، بەڵام هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی لە ریزبەندی ئازادەکاندا تۆمارنەکردووە.
سەبارەت بە عێراق لە ساڵی 2023 پلەی 43 لە 100ـی وەرگرتووە، بەڵام ئەمساڵ ئەو ژمارەیە کەمبووەتەوە بۆ 40 لە 100 و ئازادی لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە وڵاتەکە پاشەکشەی کردووە.
خاڵەکان بەگوێرەی سێ بابەت کۆکراونەتەوە: لە دروستکردنی کۆسپ لە بەکارهێنانی ئینتەرنێتدا، 10 لە 25ـی وەرگرتووە، لە سنووردارکردنی ناوەڕۆکدا، 16 لە 35 و لە پێشێلکردنی مافی بەکارهێنەر، 14 لە 40ـی وەرگرتووە.