سبەی قۆناغی کۆتایی سەرژمێریی گشتی دەستپێدەکات

test
کارمەندێکی سەرژمێری لە کاتی ئەرکەکەی لە شاری سلێمانی، فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی شەممە قۆناغی کۆتایی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەی شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، قۆناغی کۆتایی سەرژمێریی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

لە راگەیەندراوی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم پرۆسەیە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت،  بژمێرەکانمان سەردانی گشت خێزانەکان دەکەنەوە لەسەرانسەری هەرێم کوردستان بۆ وەرگرتنی وەڵامی فۆڕمی پرسیارنامەی خێزانەکان کە لە 77 پرسیار پێکهاتوون.

ئەوەشخراوەتەڕوو، سەبارەت بە هاونیشتمانییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی لەقۆناغی دووەم گەڕابوونەوە زێدی خۆیان پێویست دەکات بۆ قۆناغی کۆتایش یەک کەس لەئەندامانی خێزانەکانیان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری بژمێرەکان  بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت و دەرئەنجامی پرۆسەکەش بەشێوەیەکی دروست کۆتایی پێ بێت.

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکردووە، پرسیارەکانی نێو پرسیارنامەی سەرژمێریی لەبارەی بارودۆخی دیموگرافی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، پەروەردەیی، تەندروستی، کار و بێکاری، نیشتەجێبوون، کۆچ و هۆیەکانی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوونن.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هەندێک زانیاریش لە کارتی نیشتمانی، فۆرمی خۆراک، رۆژی لەدایکبوون و  ژمارەی ئەو کەسانەی مردوون وەردەگیرێت، جگەلەوەش سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا، ئاوەڕوە، کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، بوونی پێداویستییەکانی ناو ماڵ پرسیار لەتەواوی خێزانەکان دەکرێت.

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان داوا لەو هاونیشتمانییان دەکات، هاوشێوەی قۆناغەکانی پێشوو هاوکاری بژمێرەکان بن، پێویستە بۆ وەڵامی پرسیارەکان  کەسێکی بەرپرسی خێزانەکە لە ماڵ بێت.

loading....