رەفیق تۆفیق مەحمود رەسوڵ، ناسراو بە رەفیق چالاک، یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە فرەبەهرەمەندەکانی کورد، ساڵی 1923 لە گەڕەکی پیرمەسووری شاری سلێمانی لەدایکبووە.
هەر لە لاوێتییەوە، رەفیق چالاک خولیای هونەرە جیاوازەکانی بۆ دروستبووە، سەرەتا وەکو کەسایەتییەکی سیاسیی چالاکییەکانی ئەنجامداوە، لە ئاستی شانۆ و گۆرانی گوتنیشدا ساڵی 1933 لەسەر تەختی شانۆ نواندنی ئەنجامداوە، لێهاتوویی و زیرەکییەکەی وای کردووە نازناوی چالاکی پێببەخشن.
رەفیق چالاک، قۆناغەکانی سەرەتای خوێندنی سەرکەوتووانە بڕیوە، ساڵی 1941 لە خانەی مامۆستایانی شاری بەغداد، خوێندنی تەواوکردووە و بووە بە مامۆستا.
هاوتای کەسایەتییە دیارەکانی سەردەمی خۆی، لەوانە گۆرانی شاعیر، رەمزی قەزاز و چەند هونەرمەندێکی دیکە، لە ساڵی 1942، لە سەروبەندی جەنگی جیهانیی دووەمدا، سەردانی فەڵەستین دەکەن، ماوەی سێ ساڵ لە بەشی کوردی رادیۆ کار دەکەن و پاشان سەرەتای پەنجاکان لە رادیۆی کوردی شاری بەغداد خزمەتی کردووە.
رەفیق چالاک بە یەکێک لە دیارترین هونەرمەندە فرەبەهرەمەندەکانی کورد دادەنرێت، خاوەنی چەندین رۆڵی دیارە لەنێو شانۆگەرییەکاندا، گۆرانی و مەقامی چڕیوە، خاوەنی سرودی نیشتمانییە و دەقەکانی کردووە بە گۆرانی و نووسەرێکی زۆر باش بووە، ناوەڕۆکی کارەکانی هەستی نیشتمانپەروەریی و شۆڕشگێڕییان پێوە دیارە.
لە دەستپێشخەرییەکی گرنگی هونەرییدا، لەگەڵ هاوڕێکانی، رەفیق چالاک ساڵی 1957 کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی دامەزراندووە و بووە بە یەکەم سەرۆکی کۆمەڵەکە، لە سایەی کار و چالاکییەکانیدا، وەکو رۆژنامەنووسیش کاری کردووە و وتار و پەخشانی بڵاوکردووەتەوە، وەکو سەرنووسەری رۆژنامەکانی برایەتی و بڕوا کاری کردووە.
رەفیق چالاک رێکەوتی 30ی تشرینی دووەمی 1973، لە تەمەنی 50 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە لەسەر وەسیەتی خۆی لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاک سپێردراوە.