وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە بۆ کەناڵ8: دواى وردبینى دەست بە دابەشکردنى یەکەکانى نیشتەجێبوون دەکرێت

کارکردن لە یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور

23 هەزار فۆڕمى یەکەکانى نیشتەجێبوون بۆ وردبینى گەڕاونەتەوە پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت، "دواى قۆناغى وردبینی یەکەکان دابەشدەکرێن".

توانا بەشیر، سەرۆکى دیوانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، سەرجەم ئەو 23 هەزار کەسەى فۆڕمەکانیان پڕکردووەتەوە، لە وەزارەت وردبینییان بۆ کراوە و گەڕاونەتەوە بۆ پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان و ئەوانیش وردبینى بۆ ناوەکان دەکەن.

گوتیشى، لە پرۆسەى وردبینییەکەدا کەسانى ناشایستە دووردەخرێنەوە و ئەو کەسانەى هەڵە لە ناوەکانیان هەیە راستدەکرێنەوە و وەرگرتنى یەکەکانیش لەسەر بنەماى خاڵ دەبێت، دواى تەواوبوونى ئەو پرۆسەیەش، ناوەکان بە نووسراوى فەرمى دەنێردرێنەوە بۆ وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و دەست بە دابەشکردنى یەکەکان دەکەن.

پێشتریش، مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژى وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "ئەو نۆ هەزار و چوار یەکەیە، زۆربەى کارەکانیان تەواوکراون و بەشێکیان جێبەجێکردنیان ماوە".

گوتیشى، "هێشتا خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکان تەواونەکراون و بڕیارە بەڵێندەران کارەکانیان تەواو بکەن و گرێبەستى نوێیان بۆ ئەنجامبدرێت".

26 هەزار کەس لەرێگەى ئۆنلاینەوە فۆڕمى یەکەکانى نیشتەجێبوونى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەیان پڕکردەوە، پاش تێپەڕبوونى هەشت مانگ 23 هەزار ناویان رەوانەى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراون.

پێشتریش وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، 3%ـى ئەو یەکەى نیشتەجێبوونانە تەرخانکراون بۆ کەسانى خاوەنپێداویستى تایبەت.