سبەی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر سێ پرۆژەیاسا جێ مشتومڕەکە کۆدەبێتەوە

دانیشتنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق

سبەی یەکشەممە، ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیارە دەنگ لەسەر ئەو سێ پرۆژەیاسایە بدرێت کە مشتومڕیان لەسەر بوو، بەهۆى ناکۆکیى لایەنەکانەوە پەسەند نەکرابوون.

بەگوێرەى کارنامەى کۆبوونەوەکە، سبەی دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای هەموارى باری کەسیی ژمارەی 188ـی ساڵی 1959 دەدرێت، کە فراکسیۆنە شیعەکان پشتیوانى دەکەن.

دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، کە فراکسیۆنە کوردییەکان پشتیوانى دەکەن، لە کارنامەى دانیشتنەکەدایە کە پێشتر بەهۆى ناڕەزایەتیى پەرلەمانتارە سوننەکانەوە پەسەند نەکرا، هاوکات پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی کە بە پرۆژەى لایەنە سوننەکان ناودەبرێت لە کارنامەى دانیشتنەکەدایە.

ئەم سێ پرۆژەیاسایە لە دانیشتنەکانى پێشتردا خوێندنەوەى یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە، بەڵام بەهۆى ناڕەزایەتیى پەرلەمانتارانەوە پەسەند نەکراون.

خاڵێکى دیکەى بەرنامەی کاری ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، خوێندنەوەی دووەمە بۆ هەریەک لە هەمواری یاسای فڕۆکەوانیی شارستانى و هەمواری یەکەمی یاسای شارە پیشەسازییەکان.