لە کاتێکدا بەگوێرەى سەرژمێریى گشتى رێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان 14%ـى عێراق تێدەپەڕێنێت، بەڵام ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەران بەدوورى دەزانێت دەستکاریى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2025دا بکرێت.
لە یاساى بودجەى 2023 و 2024 و 2025ـى عێراق، پشکى هەرێمى کوردستان بە 12.67% دیاریکراوە، بەڵام بەگوێرەى ئەنجامى بەرایى سەرژمێریى دانیشتووان، هەرێمى کوردستان 14%ـى کۆى دانیشتووانى عێراق پێکدەهێنێت.
کاروان یاروەیس، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى گوت، "بودجەى عێراق بۆ سێ ساڵە و گۆڕانکارى لە دەقى بودجەکەدا ناکرێت، هەربۆیە ناتوانین پشکى هەرێمى کوردستان لە 12.67% بۆ 14% زیاد بکەین".
گوتیشى، "حکومەتى عێراق سەرقاڵى ئامادەکردنى خشتەى بودجەى 2025ـە، گۆڕانکارى لە ژمارەکان دەکات وەکو بڕى بودجە و خەرجییەکان و دواتر رەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى دەکات، بەڵام دەقى یاساکە گۆڕانکارى تێدا ناکرێت".
کاروان یاروەیس روونیکردەوە، پاش تەواوکردنى قۆناغى سێیەمى سەرژمێریى دانیشتووان و راگەیاندنى ئەنجامە فەرمییەکان، سەرژمێرییەکە دەبێتە بنەماى دیاریکردنى بودجەى 2026 و ساڵانى دواتر.
ئەمە لەکاتێکدایە، قۆناغى سێیەمى سەرژمێریى دانیشتووان لە هەرێمى کوردستان لە 18ـى کانونى یەکەم تەواو دەکرێت، بەگوتەى مەحمود عوسمان، سەرپەرشتیارى سەرژمێریى گشتى لە هەرێمى کوردستان راگەیاندنى ئەنجامەکانى نزیکەى دوو مانگ دەخایەنێت.