دوو یانەی بەرازیلی یاریی کۆتایی لیبەرتادۆریس ئەنجامدەدەن

test

چوارەم جارە لەماوەی ئەم پێنج ساڵەدا، دوو یانەی بەڕازیلی یاریی کۆتایی جامی لیبەرتادۆریس ئەنجامدەدەن، کە هاوشێوەی چامپیۆنزلیگی ئەوروپایە.

ئەتلەتیکۆ مینیرۆ و بوتافۆگۆ لە یاریگەی مۆنیمێنتاڵی مێژوویی لە ئەرجەنتین رووبەڕوودەبنەوە.

مینیرۆ ناسناوێکی لیبەرتادۆریسی هەیە و بۆ دووەم ناسناو هەوڵدەدات، بوتافۆگۆش هەرگیز ئەم ناسناوەی بەدەست نەهێناوە و دەیەویت بۆ جاری یەکەم لەمێژوویدا تامی سەرکەوتن بکات.

مینیرۆ لە قۆناغی پێش کۆتایی ریڤەرپلەیتی کردە دەرەوە و فوگۆش بەکۆی ئەنجامی شەش گۆڵ بەرامبەر بە سێ گۆڵ پینارۆڵی ئۆرۆگوایی تێپەڕاند.

خاڵی بەهێزی مینیرۆ لەم وەرزەی لیبەرتادۆریس یاریگەی خۆیەتی کە بە ئەستەم تیایدا دەدۆڕیت، لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکانیشدا لەرووی بەرگرییەوە باشترین یانە بووە و تەنیا دوو گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە، لە سێ یاریشدا گۆڵەکەی بەخاوێنی پاراستووە، بەڵام ئەگەر کۆی وەرزەکە باس بکەین، لەبارودۆخێکی باشدا نییە و 10 یارییە هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە.

تیپەکەی گابریێل میلیتۆ، لە هیچ یارییەکی ئەم وەرزەی لیبەرتادۆریس لەدەرەوەی یاریگەی خۆیدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، بۆ دوایین جاریش کە لەم جامەدا لە یانەیەکی بەڕازیلییان بردووەتەوە مێژووەکەی بۆ 2013 دەگەڕێتەوە کاتێک ساوپاولۆیان تێپەراند.

بەرامبەرەکەشی کە یانەی بوتافۆگۆیە، لە خولی بەڕازیل پێشەنگە و هەموو جارێک رێگەی خۆی بەرەو سەرکەوتن دەدۆزێتەوە.

پاڵەوانەکەی بەڕازیل لەدوای شکستی یاریی گەرانەو بەرامبەر پینارۆڵ، پێنج یارییە سەرکەوتن لەدوای سەرکەوتن دەنووسێتەوە و لەم وەرزەدا ئەسپیرەشی کیشوەری ئەمریکای باشوور بوون، 19 یارییە هیچ شکستێکیان بەرامبەر یانەکانی بەڕازیل نەبووە.

تیپەکەی ئارتۆرۆ خۆرخی، ئەمشەو چاوەڕوانی زۆری لێدەکرێت، هەرچەندە بەرگریی مینیرۆ بەهێزە، بەڵام بەدوور نازانرێت هێرشبەرانی بوتافوگۆ رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ هەژاندنی تۆڕی گۆڵ و بەدەستهێنانی ناسناوەکە بۆ جاری یەکەم لەمێژوویاندا.

loading....