بەهیوای دووبارەکردنەوەی دوایین ئەنجامی وەرزی رابردوو کە بە شەش گۆڵی بێوەڵام کۆتاییهات، ئارسیناڵ لەشاری لەندەن دێربی لەندەن بەرامبەر وێستهامی رکابەری ئەنجامدەدات.
هاوکات یارییە دەبێتە دێربیی راهێنەرە ئیسپانییەکان و لەنێوان میکێل ئارتێتا و جولین لوپێتیگی، داهاتووی لوپێتیگییش لەسەر ئاگرە و لەسەر ئەم ئەنجامە وەستاوە.
ئارسیناڵ لەم وەرزەی پرێمەرلیگ هاوشێوەی وەرزی رابردوو یەکێکە لە بەهێزترینەکان و بە 22 خاڵەوە لە ریزبەندیی چوارەمدایە، جیاوازییان لەگەڵ لیڤەرپووڵی پێشەنگدا نۆ خاڵە و گرتنەوەی لوتکە لەم هەفتەیەدا روونادات، بەڵام دووری نێوان یانەکەی لەندەن و مانچێستەر سیتی دووەمی ریزبەندی تەنیا خاڵێکە و تۆپچییەکانی لەندەن چانسێکی بەهێزیان هەیە بگەڕێنەوە بۆ خانەی دووەم، چونکە هاوکات سیتی گەشتی ئانفێڵد رۆدز دەکات و رووبەڕووی لیڤەرپووڵ دەبێتەوە.
وێستهام هەمیشە دەبێتە لەمپەر لەبەردەم ئارسیناڵ، بەڵام گەنەرز هەرگیز ترسی لە دێربی نییە و بگرە خواستیشی لەسەر ئەمجۆرە یارییانەیە.
ئەنجامەکانی ئارسیناڵ بەرامبەر بە یانەکانی شاری لەندەن و ئەنجامەکانیشی شاهێدی سەرکەوتنی بۆ دەدەن، بەوپێیە لە وەرزی 2022-2023وە تیپەکەی میکێل ئارتێتا لە 26 یاریدا بەرامبەر بە لەندەنییەکان، تەنیا دووجار سەرکەوتوو نەبووە، لە 25 لەو یارییانەشدا گۆڵیان تۆمارکردووە.
بەرامبەرەکەشیان کە وێستهامی ناسراو بە هامەرزە، ئاستی جێگیرنییە، لە12 یاریی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، شکستەکانیان لە سەرکەوتنەکانیان زیاتربووە و بە 15 خاڵەوە دەکەونە خانەی 14ی خولەکەوە.
بارودۆخی جولین لوپێتیگی راهێنەریش لەبارودۆخی یانەکە خراپتر و ناجێگیرترە، بابەتی مانەوە و دوورخستنەوەی لەسەر ئەم ئەنجامە و ئەنجامەکانی داهاتوویان وەستاوە.