جەمال نەبەز.. بیرمەند و نووسەری دیاری کورد

جەمال نەبەز، یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییەکانی مێژووی کورد، نووسەر، وەرگێڕ، رۆژنامەنووس و مێژوونووسێکی دیاری پەنجاکانی سەدەی رابردووە، چەندین زانستی جیاوازی خوێندووە، لەوانە: بیرکاری، فیزیا، فەلسەفە، شەریعەت و خوداناسی.

جەمال نەبەز، رێکەوتی یەکی کانوونی یەکەمی 1933، لە خێزانێکی ناسراوی شاری سلێمانی لەدایکبووە، قۆناغەکانی سەرەتای خوێندنی بە سەرکەوتوویی بڕیوە، پاشان لە زانکۆی بەغداد، بەشەکانی فیزیا و بیرکاریی تەواو کردووە.

لە شارەکانی هەولێر، کەرکوک، بەغداد و بەسرە وەکو مامۆستا وانەی گوتووەتەوە، پاشان لە وڵاتەکانی سووریا، لوبنان و ئێران، چاوی بە کەسایەتیی و رووناکبیرە دیارەکانی ناوچەکە کەوتووە.

لە زانکۆکانی ئەوروپا، درێژەی بە زانست و خوێندەواریی داوە، لە زانکۆکانی میونخ، فۆرتسبۆرگ و هامبۆرگی وڵاتی ئەڵمانیا خوێندوویەتی، هەر لە تەمەنی لاوییەوە بایەخێکی زۆری بە نووسین داوە لە بوارەکانی سیاسەت و کۆمەڵایەتییدا.

جەمال نەبەز، یەکەم کوردە کتێبی بۆ وانەی فیزیای نووسیوە بە زمانی کوردی، لە ئەڵمانیا، یەکێتی نیشتمانیی قوتابیانی کوردی دامەزراندووە، پاشان ئەکادیمیای زانست و هونەری کوردی لە ستۆکهۆڵم کردووەتەوە، لەماوەی ژیانی خۆیدا، کاری لەسەر چەندین بەرهەمی جیاوازی زانستی و وێژەیی کردووە، لە دیارترینیان:

خوێندەواری بە زمانی کوردی

نووسینی کوردی بە لاتینی

وەرگێڕان هونەرە

باسنامە

چیرۆکی گەرداوەکە

لالۆ کەریم

جەمال نەبەز، رێکەوتی هەشتی کانوونی یەکەمی 2018، لە تەمەنی 85 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە.