هەموارى یاساى بودجە لە کارنامەى ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق نییە

test
پەرلەمانى عێراق. فۆتۆ: AP

ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، کارنامەی خۆی بۆ دانیشتنی سبەى یەکشەممە بڵاوکردەوە و بەگوێرەى کارنامەکە، دەنگدان و گفتوگۆ لەسەر پێنج هەموارى یاسا و پرۆژەیاسا دەکرێت و هەموارى یاساى بودجەى تێدا نییە، لەکاتێکدا کەمتر لە 10 رۆژ ماوە بۆ پشووى ئەنجوومەنى نوێنەران.

لە کارنامەکەدا لە بڕگەى یەکەم ئەوە هاتووە، دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی، بڕگەى دووەمی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، لەگەڵ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی.

کاروان یاروەیس، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند "هەموارى یاساى بودجە و بەتایبەت ماددەى 12 و هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەم هەفتەیە تێناپەڕێت، چونکە کات نەماوە".

گوتیشى "فشار لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانى رۆژئاوا هەیە، هەرێمى کوردستان و عێراق لەسەر نەوت رێکبکەون، پێش سەری ساڵ و نایانەوێت نەوت بە قاچاغ و بە تانکەر بڕوات".

ئەو ئەندامەى ئەنجوومەنى نوێنەران گوتیشى، هەموارى یاساى بودجە و بەتایبەت ماددەى 12 و هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەم هەفتەیە تێناپەڕێت، چونکە لە 9ـى کانوونى یەکەم پشووى ئەنجوومەنەکە دەستپێدەکات، بۆ ماوەى مانگێکە و دانیشتنەکانى ئەنجوومەن دەکەوێتە ساڵى نوێ".

هەموارکردنەوەکە بۆ ماددەى 12 بڕگەى (جیم)ە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، ئەوەش پاش ئەوەى حکومەتى عێراق لە 5ـى تشرینى یەکەم رەزامەندیی پیشاندا بۆ زیادکردنى خەرجیى دەرهێنانى نەوتى هەرێمی کوردستان لە 8 دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار.

loading....