حەلەب لە کەوتنی تەواوەتی نزیکبووەتەوە

test

دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی، لە گرتنى تەواوەتى حەلەب نزیکبوونەتەوە، بەڵام هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەى شارەکە لەژێر دەستى هێزەکانى سووریاى دیموکراتدایە.

رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، ئێستا زۆربەی حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیدایە.

گوتیشی "پارێزگار و فەرماندەکانى پۆلیس کشاونەتەوە و دامەزراوە سەرەکییەکان و زیندانەکان و ناوەندی شارەکەش کەوتوونەتە دەستى گرووپە چەکدارەکان".

رامى عەبدولرەحمان دەڵێت "نەخشەى کۆنترۆڵى حەلەب لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و کوردەکاندا دابەشبووە".

هاوکات پەیامنێرى کەناڵ8 لە رۆژئاواى کوردستان، گوتى "هەردوو گەڕەکى کوردنشینى شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب و رێگاى حەلەب_شەهبا لە ژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى سووریاى دیموکراتدایە".

هەروەها سیامەند عەلى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى یەکینەکانى پاراستنى گەل رایگەیاند، هێزەکانى رژێم بەرگریى ناکەن و چەکدارەکانى تەحریرى شام بەخێرایى پێشڕەوى دەکەن، گوتیشى "هەر کاتێک گرووپە چەکدارەکان هێرشبکەنە سەر ناوچەکانى ژێر یەکینەکان، ئەوا هێزەکانیان بەرگریى دەکەن و سەرجەم رێکارەکانى پاراستنى خەڵکەکەیان گرتووەتەبەر".

هاوکات فڕۆکەکانى رووسیا و سووریا پێگەى گرووپە چەکدارەکانیان لە حەلەب بۆردوومانکردووە.

هەروەها سووریا فڕۆکەخانەی شارەکەی داخستووە و سەرجەم گەشتەکانی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکان گەیشتوونەتە ناوەڕاستی باکووری شارەکە.

ئەمە یەکەمینجارە لە ساڵی 2016ـەوە هێرشێکی گەورەی لەم جۆرە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بکرێتە سەر دووەم گەورەترین شاری سووریا، دوای ئەوەی لەو ساڵەدا دوای هێرشی چڕی حکومەتی سووریا بە پشتیوانی رووسیا، ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیان، دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکە کە تورکیا پشتیوانییان دەکات لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی شارەکە دەرکران.

شایەتحاڵەکان دەڵێن، بەشێکی زۆری خەڵك بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لە گەڕەکەکانی رۆژئاوای حەلەب هەڵاتوون.

دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانى، رۆژی چوارشەممە دەستیان بە هێرشێکی کتوپڕ بۆ سەر شاری حەلەب کرد و تاوەکو ئێستا دەستیان بەسەر نزیکەی 60 گوند و شارۆچکەیان گرتووە.

لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکاشەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاژانسی ئاکسیۆسی راگەیاند، ئیدارەی بایدن شۆکبوون بەو هێرشانە و سوپای ئەمریکا لەو ناوچەیە هێرشی نەکردۆتە سەر هیچ لایەک.
ساڵی 2016 بەهەمان شێوە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و گرووپە چەکدارەکان هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر حەلەب، بەڵام رووسیا و گرووپەکانی سەربە ئێران هاوکاری حکومەتی سووریایان کرد کۆنترۆڵی ناوچەکە وەربگرێتەوە.

loading....