جوڵانەوەى نەوەی نوێ و یەگگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەگەڵ بەربژێرە سەرکەوتووەکانیان کۆبوونەوە و سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری فراکسیۆنەکانیان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
ئەمڕۆ، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەگەڵ بەربژێرە سەرکەوتووەکانی جوڵانەوەکە بۆ پەرلەمانى کوردستان کۆبووەوە و سەرۆک، جێگر و بڕیاردەری فراکسیۆنەکەی دیاریکرد.
جوڵانەوەى نەوەی نوێ، کوردەوان جەمالی وەک سەرۆکی فراکسیۆن و سیپان ئامێدی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆن و خۆشی فەرەیدوون، وەک بڕیاردەری فراکسیۆنەکە لە خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دیاریکردووە.
میدیای فەرمیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی محەمەد ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی باڵای چاودێری، فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و باس لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، کە بڕیارە رۆژی دووشەممە بەڕێوەبچێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، مستەفا عەبدوڵا، بە سەرۆکی فراکسیۆن و هەلز بۆتانی بە جێگری سەرۆکی فراکسیۆن و بوخاری جەمیل بە بڕیاردەر دیاریکران.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، نەوەی نوێ 15 کورسی و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان حەوت کورسی بەدەستهێنا.