ماکس ڤێرشتاپن پاڵەوانبوونی خۆی بۆ وەرزی 2024ـی فۆرمولا وەن یەکلاییکردەوە، بەڵام هێشتا ماوە، کە تیمەکان کێبڕکێ بکەن بۆ ناسناوی باشترین تیمی ساڵی 2024 کە ژمارەیان سێ تیمە.
هەریەکە لە تیمەکانی ماکلارێن، فێراری و رێدبوڵ کێبڕکێ دەکەن لەسەر ئاستی باشترین تیم بۆ وەرزی 2024ـی بوارەکە، کە ساڵی رابردوو تیمی رێدبوڵ بردیەوە و دوو ساڵی رابردووش هەر رێدبوڵ پاڵەوان بوو.
ئەمساڵ تیمی ماکلارێن، کە شۆفێرانی وەک لاندۆ نۆریس و ئۆسکار پیاستری هەیە، بەهێزترە و بە کۆکردنەوەی 608 خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە، فێراریش کە کارلۆس ساینز و چارلز لێکلێرکی هەیە بە 584 خاڵەوە پلەی دووەمی گرتووە، رێدبوڵیش پێدەچێت کێبڕکێیەکە قورس بێت بۆی، چونکە تەنیا پێشبڕکێی قەتەر و ئەبو زەبی ماوە و چانسی زۆر کەمە بۆ بردنەوەی ناسناوی باشترین تیم کە 555 خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی سێیەمە.
لەم دوو پێشبڕکێیەی داهاتوو، ماکلارێن و فێراری ناسناوی باشترین تیمی ئەمساڵ یەکلاییدەکەنەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لاندۆ نۆریسی ماکلارێن لەبەرامبەر ڤێرشتاپن ناسناوی پاڵەوانبوونی لەدەستدا.